
یاریگا –
دوای شکستی کلاسیکۆ لە کامپ نۆو، کە بە فەرمی کۆتایی بە هیوای مێرێنگی لەم وەرزە هێنا، رەخنەکان تەنیا لەنێو یاریگا نەماون، بەڵکوو گەیشتوونەتە ناو جەرگەی کارگێڕیی یانەکە.
رۆژنامەی ئاس، راپۆرتێکی شیکاریی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەپرسێت؛ ئەو هەموو پارەیە لە چی خەرجکرا کاتێک لە کلاسیکۆ هیچ کامیان لە گرێبەستە نوێیەکان لە یاریگادا نەبوون؟
کێشەی نەبردنی نازناو و بازاڕی شێواو
رۆژنامە مەدریدییەکە لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، ریال مەدرید دوو وەرزی یەک لەدوای یەک بەبێ نازناوی گەورە [لالیگا و چامپیۆنزلیگ] بەڕێدەکات، ئەمەش بۆ یانەیەکی وەکوو ریال مەدرید قبووڵنەکراوە. کاتێک بردنەوە نامێنێت، هەموو کێشەکان دەردەکەون، گەورەترین کێشەش شێوازی کڕینی یاریزانە لەم دوو ساڵەی دواییدا.

شکست لە کامپ نۆو؛ یەک گواستنەوە و پێنج شکستی میدیا!
سەیرترین خاڵ لە کلاسیکۆی رابردوودا ئەوە بوو کە لە کۆی شەش گواستنەوەی نوێ کە ریال مەدرید لە تەمموزی 2024ـەوە کردوونی، تەنیا ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو. ئارنۆڵدیش بە بڕی تەنیا 8 ملیۆن یۆرۆ لە لیڤەرپوولەوە هات بۆ ئەوەی لە جامی جیهانی یانەکاندا یارمەتیدەر بێت. بەڵام سێ یاریزانەکەی دیکە [کارێراس، هاوسن و ماستانتۆنۆ] کە بڕی 170 ملیۆن یۆرۆیان تێدا خەرج کراوە، لەسەر کورسیی یەدەک بوون!
سەردەمی زێڕینی کالافات کۆتایی هات؟
هەمان سەرچاوە بەراوردێکی تاڵ دەکات لە نێوان سەرکەوتنەکانی پێشووی خونی کالافات، بەرپرسی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکانی یانەکە و دۆخی ئێستا. پێشتر کالافات یاریزانانی وەکوو ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ، ڤاڵڤێردی، میلیتاو و بێلینگهامی هێنا کە بوونە هۆکاری سەرکەوتنی گەورە لە ساڵی 2024، بەڵام دوای ئەوە، تیرەکەی مەدرید نیشانەکەی ونکردووە.
دۆسیەی ئێمباپێ و ئێندریک
راپۆرتەکە بە توندی هێرش دەکاتە سەر لە کیلیان ئێمباپێ؛ ئەو بە خۆڕایی هاتە تیمێکەوە کە پاڵەوانی ئەوروپا و ئیسپانیا بوو، بەڵام لەو کاتەوەی ئەو هاتووە، ریال مەدرید دوو وەرزە هیچ نازناوێکی نەبردووە. سەبارەت بە ئێندریک، وەبەرهێنانێکی 60 ملیۆن یۆرۆیی کرا، بەڵام ئێستا بە خواستن لە لیۆن یاریی دەکات چونکە نەیتوانی خۆی لە مێرێنگی بسەلمێنێت.
هاوینی وێرانکەر
وەرزەکەی 2025-2026 بە وێرانکەرترین وەرز بۆ بازاڕی لۆس بلانکۆس دادەنرێت.
ماستانتۆنۆ، کارێراس و هاوسن، کە تێچوویەکی زۆریان بەڵام لە گرنگترین یاریی وەرز [کلاسیکۆ] هیچ کامیان نەبوونە چارەسەر، هەرچەندە گەنجن، بەڵام گومانەکان لەسەر توانایان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن.



