
یاریگا –
ئالڤارۆ ئاربێلوا چاوەڕوانکراوترین کۆنگرەی رۆژنامەوانی کرد لەو کاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووە، ئەمەش نەک لەبەر یاریی کلاسیکۆ، بەڵکوو بۆ قسەکردن لەسەر رووداوە سەختەکەی نێوان ڤالدێردی و چوامینی.
راهێنەرەکە بەڕوونی باسی بابەتەکەی کرد؛ هەرچەندە پاساوی بۆ کارەکەیانی نەهێنایەوە، بەڵام توونیکردەوە کە هەمووان هەڵە دەکەن و نموونەی خوانیتۆی هێنایەوە. ئاربێلوا گوتی ئەوەی زیاتر ئازاری داوە ئەوەیە کە هەموو شتێک دزەیپێکراوە، بێ ئەوەی یاریزانەکان تۆمەتبار بکات، و جەختی کردەوە کە ژووری خۆگۆڕینی تەندرووستە و شانازییان پێوە دەکات
چۆن لێکدانەوە بۆ ئەوە دەکات کە روویداوە
دەمەوێت دوو شت بڵێم؛ یەکەم، زۆر شانازی بەو توندی، خێرایی و شەفافییەتە دەکەم کە یانەکە لەو رووداوە پەیڕەویکرد. لە لایەکی دیکەوە، یاریزانەکان دانیان بە هەڵەکەیاندا ناوە، پەشیمانی خۆیان دەربڕیوە و داوای لێبووردنیان کردووە. ئەوەش هاوکارم دەبێت. ئەوەی من نایکەم ئەوەیە کە بیانخەمە نێو ئاگرێکی گەورەی گشتییەوە، چونکە شایەنی ئەوە نین. بەهۆی ئەوەی لەم چوار مانگە و لەم ساڵانەدا پێشانیانداوم، ئەوان دەزانن بوون بە یاریزانی ریال مەدرید واتای چییە و ئەوە لەبیرناکەم.
رێگە نادەم ئەمە بەکاربهێنرێت بۆ گومان خستنە سەر پیشەگەرییان؛ ئەوە درۆیە کە ئەوان پیشەگەر نین، یان بەهۆی کێشە لەگەڵ من یاریی ناکەن، یان بێڕێزییان پێ کردووم… ئەوە بە تەواوی درۆیە. من بەرپرسی یەکەمم لەوەی کە رەنگە وەرزەکەمان لە ئاستی پێویستدا نەبووبێت، بەڵام لێرەم و شانازی بە یاریزانەکانمەوە دەکەم. ئێستا دەبێت سەیری یارییەکە بکەین و سەرنج بخەینە سەر ئەوە.
بەرپرسیارێتی
ئەگەر دەتانەوێت کەسێک تاوانبار بکەن، من لێرەم.
دەربارەی رووداوە هاوشێوەکان
هاوکارێکم هەبووە کە داری گۆڵفی هەڵگرتووە و بە خاکەناز لە یەکێکی دیکەی داوە. ئەوەی لە ژووری خۆگۆڕینی مەدرید دەگوزەرێت دەبێت هەر لەوێ بمێنێتەوە، ئەوەش ئەوەیە کە زۆرترین ئازارم دەدات. ئەمانە بارودۆخێکن کە هەمیشە روویانداوە بەڵام بە هیچ شێوەیەک پاساوی بۆ ناهێنمەوە. رووداوێک بوو و لە بێبەختیان فێدێ ڤالدێردی تووشی پێکان بوو، ئەوە زیاتر پەیوەندی بە بەدبەختییەوە هەبوو وەکوو لەوەی لە راستیدا چی روویداوە. داوای لێبووردنیان کردووە و لە ئێستاوە تەنها بیر لە یارییەکە دەکەینەوە.
ئایا یاریزانەکان دەسەڵاتی زۆریان هەیە؟
نازانم مەبەستتان چییە، کاتێک یاریزانێکی ریال مەدرید یاریی ناکات ئەوە بڕیارێکی وەرزشییە و من ئەو کەسە هەڵدەبژێرم کە شایستەیە. هاندەران دەتوانن دڵنیابن لەم ژووری خۆگۆڕینە و ئەم یاریزانانە. ئێمە 30 ساڵ بێ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بووین، من گەیشتمە ئێرە و 5 ساڵ بوو نەدەگەیشتینە قۆناخی هەشت. هیچ کەسێک لە سەرۆکەکەمان ئامادەتر نییە بۆ گەیاندنی مەدرید بەو شوێنەی کە شایەنییەتی.
کۆنتڕۆڵکردنی ژووری خۆگۆڕین
من نووسینگەکەم لە نێو ژووری گۆڕینی جلوبەرگدا نییە و خۆزگە وابووایە تاوەکوو هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ بکەم. ئەگەر دەبوو راهێنەر رێگری لەمە بکردایە، من بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرم. یاریزانەکان دەزانن هەڵەیان کردووە و دەبێت ببێتە نموونە بۆ هەمووان.
دەربارەی ئێمباپێ و پێکەنینەکانی لەنێو ئۆتۆمبێلدا
ئەوەی یاریزانێک دوای راهێنان بە پێکەنینەوە دەربچێت و بکرێتە کێشە، ئەوە گەورەکردنی شتەکانە و دەرکردنیانە لە چوارچێوەی خۆیان. دەربارەی ئێمباپێ، هەموومان دەزانین چ هەوڵێکی دا بۆ هاتن بۆ مەدرید و لە چی خۆش بوو. هەموومان لە منداڵییەوە ئەومان بە درێسی مەدریدەوە بینیوە. من هەست بە دەسەڵاتی تەواوی خۆم دەکەم وەکەە راهێنەر، لە کۆتاییدا ئەوان رێزی راهێنەر دەگرن و ئەوەش گرنگترین شتە.
دزەپێکردنی زانیارییەکان
دزەپێکردنی ئەو شتانەی لەنێو ژووری خۆگۆڕیندا روودەدەن، ناپاکییە بەرامبەر بە ریال مەدرید، بەرامبەر بەم لۆگۆیە. من لە دەزگای سی ئای ئەی کار ناکەم و یاریزانەکان تۆمەتبار ناکەم، چونکە زۆر خەڵک لە دەوروبەری ریال مەدرید هەن.
سزا و یارییەکەی سبەی
سبەی چوامینی لە لیستی یاریزانەکاندا دەبێت.
کارەکانی ئێستا
هەموو وزەی خۆم بۆ یارییەکەی سبەی داناوە.
پەشیمانی یان گۆڕانکاری
تەنها شتێک کە نیگەرانم دەکات ئەوەیە چۆن دەمتوانی یارمەتی تیمەکەم بدەم یاریی زیاتر ببەنەوە. لەم مانگانەدا کاتی سەخت هەبوو. کاتێک هاتین بارودۆخەکەمان دەزانی و یاریی زۆر قورسمان بردەوە.



