
یاریگا –
کیکۆ کاسیا، گۆڵپارێزی پێشووی ریال مەدرید و ئیسپانیۆل، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا رەخنەی توند لە دۆخی هەردوو یانەکە دەگرێت و ئاشکرای دەکات کە گۆڕانکارییەکانی نێو یانەی شاهانە بەتەواوی شکستی هێناوە.
ئاربیلوا نەبووەتە فریادڕەس لە دوای ئاڵۆنسۆ
دەربارەی گۆڕانکارییەکانی راهێنەر لە مەدرید و هاتنی ئەلڤارۆ ئاربیلوا لە جێگەی چابی ئەلۆنسۆ، کاسیا بە راشکاوی دەڵێت کە ئەم گۆڕانکارییە ئەنجامی نەبووە.
ئەگەر سەیری ئامار و ئەنجامەکان بکەین، روونە کە ئاربێلوا تیپەکەی بەرەوپێش نەبردووە. جگە لە چەند ساتێکی کەم وەکوو یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی، هیچ گۆڕانکارییەکی جێگیر نابینرێت کە ئامانجی سەرەکی بوو لە دوورخستنەوەی چابی ئاڵۆنسۆ.
کێشەی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ
کاسیا هۆکاری خراپی ئاستی ریال مەدرید بۆ پێکانەکان، بچووکی پێکهاتەکە و گۆڕینی راهێنەر دەگەڕێنێتەوە، بەڵام خاڵێکی گرنگ لەسەر شێوازی یاریکردنی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ دەخاتەڕوو.
زۆر دەبیستم دەڵێن باشترە بە جیا یاریی بکەن، بەڵام بەلای منەوە دەکرێت پێکەوە بگونجێن چونکە هەردووکیان دیاردەن. ئەوەی راستی بێت کاتێک پێکەوە یاریی دەکەن، تیپەکە لە رووی بەرگرییەوە لاواز دەبێت، بۆیە دەبێت قوربانی زیاتر بدەن. کوالێتی بەبێ کارکردن بۆ 90 خولەک هیچ سوودێکی نییە؛ کاتێک پێویست بە گەڕانەوە دەکات بۆ بەرگری، دەبێت هەمووان رابکەن.
کۆرتوا یان کاسیاس؟
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی بەراوردی نێوان کۆرتوا و کاسیاس، گۆڵپارێزە کاتالوونییەکە گوتی؛
کۆرتوا بۆ چەندین ساڵە باشترین گۆڵپارێزی جیهانە، بەڵام ئیکەر کاسیاس باشترین گۆڵپارێزی مێژووە. ئەو هەمیشە نموونەی باڵا و پێشەنگی من بووە، پۆستەرەکانیم لە ژوورەکەمدا هەڵواسیبوو.
گرێی دەروونی بە ناوی تۆنی کرووس
کاسیا بیرەوەرییەکی ناخۆشی یەکەم یاریی خۆی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەگێڕێتەوە، کاتێک لە خولەکی 76 جێگەی کاسیاسی گرتەوە.
لە یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ئەڵمانیا بارانێکی زۆر دەباری. خەونەکەم هاتە دی، بەڵام لە کۆتاییدا تۆنی کرووس شووتێکی لێدا، تۆپەکە لە پێشمەوە بەر زەوی کەوت و بەهۆی ئاوەکەوە نەمتوانی بیگەڕێنمەوە. ئەو گۆڵە بۆ ماوەیەک تووشی گرێی دەروونی کردم، دواتر بە کرووسم وت و بە پێکەنینەوە وەریگرت.
داهاتووی ئیسپانیا لە دەستی خوان گارسیادایە
دەربارەی مۆندیالی داهاتوو، کاسیا پێی وایە ئونای سیمۆن وەکوو گۆڵپارێزی سەرەکی ئیسپانیا دەمێنێتەوە چونکە هەڵەی نەکردووە تاوەکوو جێگەکەی لەدەستبدات، بەڵام جەخت دەکاتەوە داهاتووی گۆڵپارێزی ئیسپانیا لە دەستی خوان گارسیایە.
لە کۆتایشدا هیوای خواست یانەی ئیسپانیۆل لە دابەزین رزگاری بێت و مەدریدیش بتوانێت کلاسیکۆ بباتەوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە.



