
یاریگا –
هێکتۆر بێیرین بووە پاڵەوانی یارییەکەی شەوی شەممە لە یاریگای لا کارتوخا، دوای ئەوەی لە دوایین خولەکەکاندا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ریال بێتس کرد و یارییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی پێهێنا.
سەرەڕای بەدەستهێنانی خاڵێک لە کۆتاییەکاندا، بەرگریکارە کاتالوونییەکە پێداگری لەوە دەکات کە تیپەکەی شایستەی بردنەوەی هەرسێ خاڵی یارییەکە بووە.
بێیرین لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا توانی بە لێدانێکی نزم بەناو قاچی یاریزانەکاندا تۆڕی گۆڵی مەدرید بهەژێنێت. دوای پێداچوونەوەیەکی پڕ لە دڵەڕاوکێی ڤاربۆ ئەگەری بوونی فاوڵێک لەسەر فێرلاند مێندی، گۆڵەکە هەژمارکرا و هاندەرانی خاوەن یاریگای خستە خۆشییەکی گەورەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی DAZN دوای فیکەی کۆتایی، بێیرین ستایشی باڵادەستی تیپەکەی کرد، بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە نەیانتوانیوە زووتر هەلەکان بقۆزنەوە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئاستە بەرزەکەی لونین، گۆڵپارێزی ریال مەدرید بوو.
نازانم لە دەرەوە چۆن دەرکەوتووە، بەڵام لە ناوەوەی یاریگا هەستم دەکرد کە بەدەستنەهێنانی سێ خاڵەکە کەمێک نادادپەروەرانەیە. بێگومان ئەوان تیپێکی زۆر باشن و یاریزانی ئاستبەرزیان هەیە، بەڵام ئێمە چەندین جار لێدانمان بۆ گۆڵ هەبوو. گۆڵپارێزەکەیان هەموویانی گەڕاندەوە. شایستەی زیاتر بووین.
بەرگریکارەکەی بێتیس هەروەها تیشکی خستە سەر سەختی رووبەڕووبوونەوەی تیپەکەی ئاربێلوا و روونیکردەوە؛
لە گیمی دووەمدا یارییەکە زۆر کراوە بوو. ئەوان زۆر خێران. تەنیا ماندووبوونی جەستەیی نییە، بەڵکوو ماندووبوونی دەروونیشە کە دەبێت بە چڕی لە دژیان بەرگری لێ بکەیت.
لە کاتێکدا گەیشتن بە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان ئامانجی سەرەکییانە، بێیرین ئەم یەکسانبوونە وەکوو بەڵگەیەک بۆ خۆڕاگری تیپەکەی دەبینێت و گوتی؛
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم تیپە شەڕ دەکات، بڕوای بە خۆی هەیە و دەیەوێت تۆپی پێ بکات. ئێمە دەمانەوێت بگەین بە هەموو ئەو ئامانجانەی لەبەردەستماندان، لە نێویاندا خەونی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ.



