ئیسپانیاگرنگترین

گرێبەستە ئاڵۆزەکەی ڤینیسیۆس؛ نهێنییەکانی پشت دواکەوتنی گرێبەستەکەی ڤینیسیۆس ئاشکرا دەکرێن

بۆچی ریال مەدرید رازی نییە؟

Yariga App

یاریگا –

پەیوەندی نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ریال مەدرید لە قۆناخێکی هەستیاردایە؛ لە کاتێکدا گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت، هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ نوێکردنەوەی نییە و گفتوگۆکانی نێوانیان گەیشتوونەتە بنبەست.

گرێکوێرەکە پارەیە!
بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی ئاتلێتیک، ڤینیسیۆس ئێستا ساڵانە نزیکەی 17 ملیۆن یۆرۆ مووچە وەردەگرێت، کە هاوتایە لەگەڵ مووچەکەی کیلیان ئێمباپێ. ریال مەدرید دەیەوێت مووچەکەی بکاتە 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام بریکارەکانی ڤینیسیۆس داوای بڕێکی زۆر زیاتر دەکەن کە دەگاتە نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ (مووچە + پاداشتی ئاست + پاداشتی نوێکردنەوە). مەدرید هەرگیز پێشتر پاداشتی نوێکردنەوەی بە یاریزانانی خۆی نەداوە و ئامادە نییە سیستەمی مووچەی یانەکە تێکبدات.


ئاڵۆنسۆ و قەیرانی هاندەران
کێشەکانی ڤینیسیۆس تەنیا لە لاینی دارایی نین. لەم وەرزەدا، هاندەرانی بێرنابیۆ چەندین جار فیکەیان بۆ لێداوە، تەنانەت لە کاتی گۆڵکردنیشدا! هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاڵۆزییەی لە نێوان ئەو و چابی ئاڵۆنسۆی راهێنەری پێشوودا دروست بوو. ڤینی رەتیکردەوە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە تاوەکوو ئاڵۆنسۆ لە یانەکە بێت، ئەمەش بووە یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکردنی راهێنەرە باسکییەکە لە مانگی یەکدا. هەرچەندە لەژێر سەرپەرشتی ئالڤارۆ ئاربێلوادا ئاستی ڤینیسیۆس زۆر باشتر بووە، بەڵام هاندەران هێشتا لێی خۆش نەبوون.

چی روودەدات؟
ڤینیسیۆس و پێرێز دەیانەوێت پێکەوە بەردەوام بن. مێرێنگی باوەڕی وایە ڤینی ناڕوات و دەمێنێتەوە، بەڵام یاریزانەکە پەلەی نییە و دەیەوێت مۆندیالی 2026 بەکاربهێنێت وەکوو کارتی فشار بۆ ئەوەی پارەیەکی زیاتر لە پێرێز وەربگرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button