
یاریگا –
دوو یاریی داهاتووی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات و راهێنەری تیپەکەش دەڵێت سەرەڕای سەختی دۆخەکە بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەین.
لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، پێنج شەممە ( 23ـی نیسانی 2026 ) کاتژمێر 7:30ـی شەو لە یارییەکی بەهێز و لووتکەدا هەولێر لە یاریگای مەدینە رووبەڕووی قوەجەوییە دەبێتەوە، هەولێر دوو یاریی داهاتووی بەرامبەر جەوییە و تەڵەبە لە شاری بەغدا دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش شاندی یانەکە بۆ ماوەی شەش رۆژ لە بەغدا دەمێننەوە.
هەریەک لەئالڤارۆ دانیێل کیڕۆگا و مستەفا قابیل بە هۆی پێکانەوە بەشداری کردنیان یەکلایی نەکراوەتەوە، تەواوی یاریزانەکانی دیکە بۆ یارییەکە ئامادەن.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر باس لەو دوو یارییە چارەنووسسازە دەکات و دەڵێت تاڕادەیەک چارەنووسی تیپەکە دیاریی دەکات لە خولەکە:
دەزانین بۆ دوو یاریی داهاتوو ئەرکمان قورسە، پێمان وایە ئەم دوو یارییە چارەنووسی تیپەکە دیاریی دەکات کە لە کوێی ریزبەندی خولەکە دەبین، سەرەڕای سەختی دۆخی تیپەکەمان بەڵام ورەیەکی بەرزمان هەیە و دەمانەوێ لە هەردوو یاریی ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین، خاوەنی یاریزانی بە توانا و ئاست بەرزین بۆیە پێویستە ئەرکی سەر شانمان بە تەواوی جێبەجێ بکەین.
هەولێر بە 59 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولەکە دێت، قوەجەوییە بە کۆکردنەوەی 69 خاڵ لە پێشەنگی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە، بۆ ئەم یارییەش سەعد عەبدولئەمیر کاپتنی جەوییە بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی بێبەش دەبێت.



