ئیسپانیاگرنگترین

ناوماڵی ریال مەدرید؛ کێ دەبێتە جێگرەوەی ئالڤارۆ ئاربێلوا؟

لە ریال مەدرید چ باسە؟

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.

هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.

ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟
تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا پەردە لەسەر دۆخی شێواوی ناوخۆی یانەی ریال مەدرید لادەدات؛ دوای ئەوەی یانەکە بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک خەریکە بێ نازناو دەچێتە دەرەوە، پێگەکەی ئالڤارۆ ئاربێلوا لە هەموو کاتێک لەرزۆکترە.

سەرڕای پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ سەرۆک فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئەو ژینگە سەختەی کە تێیدا پۆستەکەی وەرگرت، دوای دەرکردنی چابی ئاڵۆنسۆ لە مانگی یەکی ئەمساڵ، هەلی مانەوەی ئاربێلوا وەکوو راهێنەر زۆر کەمە، هەرچەندە هەندێک سەرچاوەکانی ناو یانەکە دەڵێن هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام هەڵوێستی ناوخۆیی پێرێز هەمان ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر پەیڕەوی کردووە؛ راهێنەر، بەبێ بردنەوەی نازناو ناتوانێت لە ریال مەدرید بمێنێتەوە.

هەر ئەمڕۆ، تۆڕە ئەمەریکییەکە بڵاویکردەوە کە ئاربێلوا کۆبوونەوەیەکی خێرای لەگەڵ یاریزانەکان لە کەمپی مەشق و راهێنان کردووە و تێیدا جەختی لەسەر یەکگرتوویی و پابەندبوون کردووەتەوە دوای ئەم وەرزە پڕ لە هەوراز و نشێوە. چەندین یاریزان لە رۆژانی رابردوودا پشتگیری خۆیان بۆ ئاربێلوا و ستافەکەی پێشانداوە و رایانگەیاندووە کە لەگەڵ مانەوەی راهێنەرەکەن.

جێگرەوە ئەگەرەکان کێن؟

  • ماوریسیۆ پۆچێتێنۆ: راهێنەری هەڵبژاردەی ئەمریکا وەکوو کاندیدێکی بەهێز دەبینرێت. ناوی ئەو یەکێکە لەو ناوانەی زۆرترین جار لە دەوروبەری یانەکە دەهێنرێت و لای پێرێز خۆشەویستە و گرێبەستەکەشی لەگەڵ ئەمریکا دوای مۆندیال کۆتایی دێت.

  • یۆرگن کڵۆپ: بە دڵنیاییەوە لەناو یانەکە سەرسامییەکی زۆر بە راهێنەرە ئەڵمانییەکە هەیە، هەرچەندە خودی خۆی و  بریکارەکەی چەندین جار دەنگۆکانی پەیوەندییان بە بێرنابیۆ رەتکردووەتەوە و جەختیان کردووەتەوە کە لە پۆستەکەی وەکوو بەڕێوبەری گشتی وەرزشی لە کۆمپانیای رێد بوڵ دڵخۆشە.

  • دیدێ دیشامپ: هەروەها ناوی دیشامپیش لەلایەن سەرچاوەیەکی ناو یانەکە وەکوو بەربژێرێکی دوور هێنراوە. دیشامپی تەمەن 57 ساڵ لە ساڵی 2012ـەوە راهێنەری فەرەنسایە و گرێبەستەکەی ئەویش دوای مۆندیال کۆتایی دێت.

چاوەڕێدەکرێت مەدرید چی بکات؟

بڕیاری سەرەکی مەدرید ئەوەیە کە کەی و چۆن دۆخی ئاربێلوا و جێگرەوەکەی یەکلایی بکاتەوە. چاوەڕوانییەکان ئەوەن کە ئاربێلوا تاوەکوو کۆتایی وەرز بمێنێتەوە.

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک لە نێوان دەستەی کارگێڕیی یانەکە و ئاربێلوا بکرێت و پێرێز بیر لەوە دەکاتەوە پێش کۆتایی هاتنی وەرز، بە شێوەیەکی گشتی قسە لەسەر دۆخی یانەکە بکات.

هەروەها گفتوگۆی گرنگ دەربارەی ئەو یاریزانانە دەکرێت کە گرێبەستەکانیان لە کۆتایی ئەم وەرزە تەواو دەبێت، وەکوو کاپتن دانی کارڤاخال و ئانتینۆ رودیگەر، دەیڤد ئالاباش بڕیارە یانەکە جێبهێڵێت، چونکە گرێبەستەکەی نوێ ناکرێتەوە.

ئەم هەفتەیە چاوەڕێی چی بین؟

پەرچەکرداری هاندەرانی بێرنابیۆ لە کاتی یارییەکەی رۆژی سێشەممە بەرامبەر ئالاڤێس یەکێکە لە چاوەڕوانییەکانی نێو کارگێڕیی و یاریزانانی ریال مەدرید، هاندەرانی مەدرید لەم وەرزەدا بەردەوام فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ تیپەکە لێداوە، تەنانەت بۆ ئەستێرەکانی وەکوو ئێمباپێ، ڤینیسیۆس و بێلینگهام، هەروەها دوای دەرکرانی ئاڵۆنسۆ و کرانەدەرەوە لە جامی شا لەسەر دەستی ئەلباسێتی، داواکاری بۆ دەستلەکارکێشانەوەی پێرێزیش هەبوو، کە ئەمە ساڵانێکی زۆرە رووینەداوە.

لە لایەکی دیکەوە، راوول ئاسێنسیۆ، هەفتەی رابردوو رەوانەی نەخۆشخانە کرا بەهۆی هەوکردنی بەکتریایی ریخۆڵە. کەسە نزیکەکانی دەڵێن هەوڵدەدات بۆ یاری رۆژی هەینی بەرامبەر ریال بێتیس بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم کۆتاییە سەختەی وەرز بەکاربهێنێت بۆ سەلماندنی تواناکانی دوای ئەو رەخنانەی لێی گیرابوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button