مۆناکۆ بەڵێ بۆ فاتی دەکات بەڵام مەرجی هەیە
بەرپرسانی یانەکەی رازی کردووە

یاریگا –
سەرەڕای ئەوەی هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە بەرزەی کە پێشتر لە بارسێلۆنا هەمووانی پێ سەرسام کردبوو، بەڵام بە گوێرەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، ئانسو فاتی توانیویەتی بەرپرسانی مۆناکۆ قایل بکات. دوای 25 یاری و کردنی نۆ گۆڵ، فاتی بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی تیمەکە کێبڕکێی گەیشتن بە خولە ئەوروپییەکان بکات. یانە فەرەنسییەکە لە ئاستی هێرشبەرەکە رازییە و ئارەزوو دەکات بیهێڵێتەوە، بەڵام نەوەکوو بە هەر نرخێک، بەڵکوو تەنیا بە چەند مەرجێکی دیاریکراو.
ئانسو فاتی پێش ئەوەی بە خواستن بچێتە مۆناکۆ، گرێبەستەکەی تاوەکوو حوزەیرانی 2028 نوێکردەوە. لە رێککەوتنی خواستنەکەدا بڕگەی کڕینەوەی یەکجاری بە بڕی 11 ملیۆن یۆرۆ هەیە، کە نرخێکە مۆناکۆ دەتوانێت دابینی بکات. بەڵام بەربەستە سەرەکییەکە مووچەکەیەتی، کە بۆ یانەیەکی خولی فەرەنسی زۆر بەرزە.
لەم وەرزەدا مۆناکۆ تەنیا بەشێکی مووچەکەی داوە و بارسێلۆنا بەشەکەی دیکەی لە ئەستۆ گرتووە. هەر رێککەوتنێکی نوێ بەندە بەوەی فاتی رازی بێت بە کەمکردنەوەی بەشێکی زۆری مووچەکەی، تاوەکوو لەگەڵ واقیعی دارایی یانەکە و ستانداردەکانی خولی فەرەنسیدا بگونجێت. هەروەها لە نێوان هەردوو یانەکەدا رێککەوتن کراوە کە بارسێلۆنا بە بڕی کەمێک زیاتر لە 25 ملیۆن یۆرۆ مافی کڕینەوەی یاریزانەکەی هەبێت.



