
یاریگا –
جیرارد پیکێ، خاوەنی یانەی ئاندۆرا، بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ یانەکەی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا.
سەرەڕای ئەوەی پیکێ پۆستی فەرمی لە یانەکەدا نییە، بەڵام دەسەڵاتی رەهای هەیە و بەردەوام لە یارییەکاندا دەچێتە ناوچە قەدەغەکراوەکان و رووبەڕووی ناوبژیوانان دەبێتەوە.
بۆشایی یاسایی و سزای دارایی
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، لەبەرئەوەی پیکێ تەنیا خاوەن پشکە نەک سەرۆکی یانە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ناتوانێت راستەوخۆ سزای بدات، بۆیە هەموو سزاکان بەسەر یانەی ئاندۆرا دەسەپێنرێن. تاوەکوو ئێستا یانەکە بڕی 30 هەزار یۆرۆ سزای دارایی دراوە. لە دوایین رووداویشدا بەرامبەر مەلەگا، پیکێ بە شێوازێکی توند هێرشی کردووەتە سەر یاریدەدەری ناوبژیوان و پێی گوتووە؛ ئەمە دزییەکی مێژووییە و لە ئێکس ‘تویتەر’ بڵاویدەکەمەوە.
مەترسییە گەورەکە بۆ ئاندۆرا
لیژنەی تەمبێکاریی فیدراسیۆن هۆشداری داوەتە یانەکە کە ئەگەر پیکێ لەم رەفتارانەی بەردەوام بێت، سزاکان تەنیا دارایی نابن. بەپێی ماددەی 93.1، ئەگەری هەیە یانەکە رووبەڕووی کەمکردنەوەی سێ خاڵ لە ریزبەندی خولەکە یان داخستنی یاریگاکەیان بۆ ماوەی دوو مانگ ببنەوە، ئەمەش دەبێتە کوشندەترین گورز بۆ یانەکە.



