کەناڵی ریال مەدرید: ناوبژیوان یارییەکەی لێ تێکچوو و مەدریدی کوشت
"بڕیارێک کە یارییەکەی وێران کرد"

یاریگا –
دەنگدانەوەکانی شکستی ریال مەدرید بەرامبەر بایرن میونشن کۆتایی نەهاتووە، ئەم جارەیان هێرشەکە لە ناوخۆی یانەکەوە و لە رێگەی کەناڵی فەرمی یانەکەوە دەستیپێکرد.
کەناڵەکە بە توندی رەخنەی لە سلاڤکۆ ڤیسینیچ، ناوبژیوانی یارییەکە گرت و بە هۆکاری سەرەکی دەرکردنی تیپەکەی ئاربێلوای دەزانێت.
شیکەرەوەکانی کەناڵەکە لە دوای یارییەکە نەیانتوانی تووڕەیی خۆیان بشارنەوە و رایانگەیاند:
یارییەکە بە تەواوی لە دەستی ناوبژیوان دەرچوو، پێدانی کارتی زەردی دووەم بە کاماڤینگا بڕیارێکی تەواو نادادپەروەرانە بوو. دەرکردنی یاریزانێک لە یارییەکی وا چارەنووسسازدا تەنیا لەسەر ئەوەی تۆپەکەی دوو مەتر جووڵاندووە، جێگەی قبوڵکردن نییە.
کەناڵە فەرمییەکەی مێرەنگی پێی وایە یارییەکە دابەشبووە بۆ دوو بەش؛ تاوەکوو خولەکی 75 مەدرید باڵادەست بوو و کۆنتڕۆڵی یاریگای کردبوو، بەڵام دوای کارتی سوورەکە، ماندووبوونی جەستەیی و کەمیی یاریزانان وایکرد بایرن لە ماوەیەکی کورتدا دوو گۆڵ بکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
کەناڵەکە دەڵێن؛
ئەو بڕیارە یارییەکەی وێران کرد، ئەگەر 11 بەرامبەر 11 بووینایە، مەدرید هەرگیز نەدەدۆڕا.



