کێشەیەکی پێکهاتەیی قووڵە؛ هێنری کێشە گەورەکەی بارسێلۆنا دیاری دەکات
کێشەکە لە بڕیارەکانی ناوبژیوان گەورەترە

یاریگا –
تیێری هێنری دوای دوورخستنەوەی بارسێلۆنا لە میترۆپۆلیتانۆ ئەوەی دەستنیشان کردووە کە بە بڕوای ئەو کێشەیەکی گەورەی یانەکەیە.
بارسێلۆنا جارێکی دیکە نزیک بووەوە لە شەوێکی ئەوروپی لەبیرنەکراو، بەڵام لە کۆتاییدا دوای دۆڕانی بە ئەنجامی 1-2 بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دوورخرایەوە. یارییەکی بەهێز و کراوە بوو کە تێیدا تیپەکەی هانزی فلیک بە ئەنجامی 0-2 بە گۆڵەکانی لامین یاماڵ و فێران تۆرێس پێشکەوت. تەنانەت پێیان وابوو ئەنجامەکەیان کردووە بە 1-3، بەڵام گۆڵەکە لەلایەن ڤارەوە رەتکرایەوە و بەردەوام بوون لە رکابەریکردن، سەرەڕای ئەوەی دوای دەرکردنی ئێریک گارسیا بە کارتی سوور بە دە یاریزان مانەوە.
دوای یارییەکە هێنری لە شیکردنەوەکانیدا بۆ کەناڵی CBS Sports زۆر بە روونی گوتی:
ئەم بارسێلۆنایە بە راستی پێویستی بە بەرگریکاری سوپەرە. داوای لێبوردن دەکەم، بەڵام ئەم تیمە بۆ وەرزی داهاتوو بەپەلە پێویستی بە یاریزانی دڵی بەرگریی سوپەر هەیە. دەتوانین تەواوی شەوەکە قسە لەسەر ناوبژیوان بکەین، بەڵام دەبێت سەیرێکی خۆشمان بکەین.
ئەفسانە فەرەنسییەکە تیشکی خستەسەر پێکهاتەی بەرگریی بارسێلۆنا، بەتایبەتی لە یارییە ئاست بەرزەکانی چامپیۆنزلیگ. هۆشداریی بە یانەکەدا و گوتی:
یاریکردن بە هێڵی بەرگریی بەرز لەم یارییە گەورانەی ئەوروپادا، بەم شێوازە، ئەگەر هیچ نەگۆڕێت، ئەوا بۆ 10 ساڵی داهاتووش هەر هەمان ئەنجام دەبینینەوە. ئەگەر خێرایی یان هۆشیاریت نەبێت بۆ داپۆشینی ئەو بۆشاییە، ئەوا خۆت رووبەڕووی کابوسێکی راستەقینە دەکەیتەوە. تەنیا یەک یاریی نییە، ئەمە کێشەیەکی بنەڕەتییە کە دەبێت دەستبەجێ چارەسەر بکرێت.
ئاتلێتیکۆ بە پابەندبوون بە شێوازە باوەکەی خۆی لە شەوەکانی ئەوروپادا، سوودی لەو دۆخانە وەرگرت. هێنریش کە کەسایەتییەکی ئەفسانەییە بۆ هەردوو یانەی ئارسیناڵ و بارسێلۆنا، جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە بڕوای خۆی یەکێکە لە لاوازییە سەرەکییەکانی تیمەکەی فلیک.



