
یاریگا –
کارلۆس ئالکاراز و یانیک سینەر لە کۆتاییدا بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، کە تێیدا هەم نازناوی مۆنتی کارلۆ و هەم پلەی یەکەمی ریزبەندیی جیهانی یەکلایی دەکەنەوە.
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە ئوسترالیا، دەوحە، ئیندیانا وێڵز یان میامی رووینەدا، بەڵام ئێستا روودەدات. سینەر دوای بردنەوەیەکی بەهێز لە ئەلیکساندەر زڤێرێڤ (6-1،6-4) گەیشتە یاریی کۆتایی، لە کاتێکدا ئالکاراز بە دوو کۆمەڵەی بێوەڵامی (6-4، 6-4) لە ڤالێنتین ڤاشێرۆتی بردەوە.
یاریی کۆتایی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسان، کاتژمێر 16:00 بە کاتی هەولێر ئەنجام دەدرێت و براوە پلەی یەکەمی ریزبەندیی جیهانی دەگرێت، کە ئێستا لە لایەن ئالکارازەوە گیراوە و لە مۆناکۆش بەرگری لە نازناوەکە دەکات.
ئەمە دەبێتە 17ـەیەمین دیداری نێوانیان. ئالکاراز 10-6 لەپێشە، بەڵام رکابەرییەکە زۆر لە یەک نزیکە، ئەوان تاوەکوو ئێستا رکابەریان لەسەر 3302 خاڵ کردووە، کە هەر یەکەیان بە کتومت نیوەی خاڵەکانیان بردووەتەوە کە 1651 خاڵە.

ئەمە دەبێتە نۆیەمین یاریی کۆتاییان بەرامبەر یەکدی، کە ئالکاراز 5-3 باڵادەستە، هەرچەندە سینەر دوایین یاریی کۆتایی نێوانیانی لە پاڵەوانییەتی کۆتایی ساڵی 2025 لە تۆرینۆ بردەوە. هەردوو یاریزانەکە خاوەنی 26 نازناوی کاروانی وەرزشیی خۆیانن و هەر یەکەیان 66 هەفتە لە پلەی یەکەمی جیهاندا بوون.
ئالکاراز لەسەر یاریگای خۆڵ زۆر بەهێز بووە و لە سەرەتای وەرزی رابردووەوە خاوەنی ریکۆردی 26 بردنەوە و تەنیا یەک شکستە لەسەر ئەم جۆرە یاریگایە. ئەمە دەیەمین یاریی کۆتایی کارلۆسە لە جامی ماستەرز و بە گشتی 35ـەمین یاریی کۆتاییەتی لە تەمەنی 22 ساڵیدا، کە بەمەش دەبێتە دووەم یاریزانی ئیسپانی لە دوای رافایێل نادال.
ماتادۆرە ئیسپانییەکە لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت:
ئەمە سیناریۆی خەونەکانە. من بۆ دووەم نازناوی مۆنتی کارلۆ دەجەنگم و ئەویش بۆ یەکەم نازناوی، لە کاتێکدا پلەی یەکەمی جیهانیش لە مەترسیدایە. ئەمە یارییەکە زۆر تایبەتتر دەکات
.
لەلایەکی دیکەشەوە، رێوییە ئیتاڵییەکە لە لووتکەی ئاستیدایە، خاوەنی 16 بردنەوەی لەسەریەکە لەم وەرزەدا و 21 بردنەوەی لەسەریەک لە یارییەکانی ماستەرزدا هەیە. بەرامبەر زڤێرێڤ نزیک بوو لە بێخەوشی و خاڵێکی زۆر کەمی لە کاتی سێرڤەکانیدا لەدەستدا.
ئەمە چوارەم یاریی کۆتایی دەبێت بۆ سینەر لەسەر یاریگای خۆڵ، دوای بردنەوەی نازناوی ئوماگی 2022 و دۆڕان لە یاریی کۆتایی رۆما و رۆلان گارۆسی 2025. هەروەها لە هەشت پاڵەوانێتی ماستەرز لە کۆی نۆ پاڵەوانییەتی گەیشتووەتە یاریی کۆتایی، تەنیا مەدریدی ماوە، ئەمەش دەستکەوتێکە تەنیا ئەفسانەکانی وەکوو نۆڤاک جۆکۆڤیچ، رۆجەر فێدرێر، ئاندی مۆرای و رافایل نادال بەدەستیان هێناوە.
یانیک لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت:
بە پەرۆشم بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارلۆس. ئەمە ئەو یارییانەن کە هەموو رۆژێک راهێنانی بۆ دەکەم. تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە پێش رۆلان گارۆس. هیچ شتێکم نییە لەدەستی بدەم و هەموو توانای خۆم بەکاردەهێنم.



