کۆتایی مانگ بڕیاری خۆی دەدات؛ لیڤاندۆڤسکی ئۆفەری بارسێلۆنای لەبەردەستە
ئۆفەری چەندین یانەی لەبەردەستە

یاریگا –
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئاگاداری ئۆفەرەکەی بارسێلۆنایە و پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی مانگ دوایین وەڵامی خۆی بداتەوە.
بەگوێرەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، هێرشبەرە پۆڵەندییەکە کە لەلایەن یوڤێنتوس، ئەیسی میلان، چیکاگۆ فایەر و چەند یانەیەک لە سعوودییەوە داوا دەکرێت، دەیەوێت لەگەڵ خێزانەکەی پێش ئەوەی هیچ بڕیارێک بدات هەڵسەنگاندن بۆ هەموو پێشنیازەکان بکات.
پینی زاهاڤیی بریکاری کارەکانی ئەم هەفتەیە لە بارسێلۆنا بوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی یانەکە و زانینی وردەکارییەکانی ئۆفەرەکە. بەهۆی فشاری چەندین یانە لەم هەفتانەی رابردوودا، بۆ کەسە نزیکەکانی لیڤاندۆڤسکی گرنگ بوو کە بە روونی پلانەکانی بارسێلۆنا بزانن.
بۆمبی مێرکاتۆ؛ لیڤاندۆڤسکی بارسێلۆنا جێدەهێڵێت و خۆی پێشکەشی یانەیەکی ئیتاڵی دەکات
خوان لاپۆرتا دەمێکە گوتوویەتی کە حەز دەکات گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی نوێ بکرێتەوە. بەهۆی ئەوەی ئامانجی لەپێشینە واژۆکردنی گرێبەستێکە لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێ و دڵێکی بەرگریی کە بە قاچی چەپ یاریی بکات، لیڤاندۆڤسکی لە مانگی ئاب تەمەنی دەبێتە 38 ساڵ، بیرۆکەی یانەکە ئەوەیە ئۆفەرێکی یەک ساڵی بە مووچەیەکی ساڵانەی کەمتر لەوەی ئێستا پێشکەشی یاریزانەکە بکەن.
ئێستا کە ئۆفەری یانەکانی بارسێلۆنا، ئەیسی میلان، یوڤێنتوس، چیکاگۆ فایەر و سعوودییەکان لەسەر مێزەکەیە، لیڤاندۆڤسکی هەندێک کات بۆ بڕیاردان لەگەڵ خێزانەکەی وەردەگرێت. ئامانجی لەپێشینەی ئەو مانەوە بووە لە بارسێلۆنا، بەهۆی ئەو ئاسوودەیی و ژیانە خۆشەی لەگەڵ هاوژین و دوو کچەکەی لەوێ هەیەتی، تەنانەت ئەگەر بە مانای رەتکردنەوەی ئۆفەری دارایی بەرزتریش بێت.

سەرەڕای ئەمانەش، وەکوو کەسایەتییەک کە سرووشتی رکابەریی هەیە، لیڤا ئامادەیە رۆڵێکی زیاتر وەکوو هێرشبەری دووەم لە تیمەکە قبووڵ بکات، بەڵام تەنیا ئەگەر هێرشبەرێکی گەورە لە پێش ئەوەوە هەبێت. هەر بۆیە بەرچاوڕوونی نەوەک تەنیا لەسەر گرێبەستەکە، بەڵکوو لەسەر پڕۆژەی وەرزشیی یانەکەش دەوێت.
بەهۆی گرنگیپێدانی بەهێزی لە چەند یانەیەکەوە، هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا دوا وادەیەکی بۆ خۆی داناوە، کە لە کۆتایی مانگ بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی دەدات.



