ئاسیاعێراقکوردستانگرنگترین

تەها زاخۆیی لەبارەی کشانەوەی دێتە دەنگ و ئامۆژگارییەکی عەدنان درجال دەکات

ئامۆژگاری عه‌دنان درجال ده‌كات

Yariga App

یاریگا –

لەگەڵ گەرمبوونی ململانێی کورسییەکانی سەرۆکایەتی و ئەندامێتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، تەها زاخۆیی، به‌ربژێر بۆ ئەندامێتیی یەکێتییەکە، بێدەنگی دەشکێنێت و راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.

زاخۆیی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە کشانەوەی دەکەن.

“مافی زاخۆ و کوردستان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە”

تەها زاخۆیی رایگەیاند کە دەنگۆی کشانەوەی لە بەربژێربوون دوورە لە راستییەوە و جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو لە چوونی بۆ ناو فیدراسیۆن، کورسی و پۆست نییە، بەڵکو وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانە.

گوتیشی:

“چوونم بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سەرەتا بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی زاخۆ بوو بەرامبەر یانەی ئەمانەی بەغداد؛ وەرگرتنەوەی مافی زاخۆ و یانەکانی کوردستان لای من زۆر گرنگترە لە بەربژێربوون و پۆست.”

ئامۆژگارییەکی برایانە بۆ عەدنان درجال

یەکێک لە تەوەرە هەرە گەرمەکانی قسەکانی زاخۆیی، تایبەت بوو بە عەدنان درجال. زاخۆیی بە راشکاوی گوتی:

ئەگەر ملیۆنان دۆلارم بدەنێ لە ژینگەیەکدا کار ناکەم کە گونجاو نەبێت. ئامۆژگاریی من بۆ عەدنان درجال ئەوەیە با خۆی به‌ربژێر نەکات و لەو ژینگەیە بێتە دەرەوە. ئەمە ئامۆژگارییەکی برایانەیە چونکە خۆشم دەوێت، بەڵام عەدنان لەوێدا سەرکەوتوو نابێت، واتە ناهێڵن سەرکەوتوو بێت.”

پلانێک بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی

تەها زاخۆیی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر متمانەی دەستەی گشتی بەدەستبهێنێت و دەربچێت، رێگە نادات دۆخەکە وەک پێشتر بمێنێتەوە. گوتی:

“ئەگەر دەربچم، سەرجەم لیژنەکانی فیدراسیۆن دەگۆڕم. نامەوێت لەو کەشەدا کار بکەم کە ئێستا هەیە. بەو پلانانەی ئێستا داڕێژراون، تەنانەت عەدنان درجالیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.”

دەنگێکی دلێر بۆ یانەکانی کوردستان

 

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ یاریگا، زاخۆیی دووپاتیکردەوە کە ئەو دەیەوێت ببێتە دەنگێکی راستەقینە لەناو فیدراسیۆن بۆ پاراستنی مافی یانەکانی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لە هەر شوێنێک بێت قسەی خۆی دەبێت و بێدەنگ نابێت بەرامبەر ئەو نادادییەی بەرامبەر یانەکان دەکرێت.

ئەم لێدوانانەی تەها زاخۆیی لە کاتێکدایە کە نەخشەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رۆژ بە رۆژ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ململانێی نێوان بەرە جیاوازەکان گەیشتووەتە لوتکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button