
یاریگا –
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی هاتنی وادەی خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، کە بڕیارە لە 23ـی ئایاری 2026 لە بەغدا بەڕێوەبچێت، تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونێکی وردی بۆ ناسنامەی ئەو کەسایەتییە کوردییانە کردووە کە دەیانەوێت لە ناو ماڵی تۆپی پێی عێراقدا جێگەی خۆیان بکەنەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وهرزشی یاریگا، تاوەکو ئێستا شەش کەسایەتی وەرزشیی کورد بۆ پۆستە جیاوازەکانی فیدراسیۆن (جێگری یەکەم، جێگری دووەم و ئەندامییەتی دەستەی جێبەجێکار) خۆیان بەربژێر کردووە.
ململانێی کورد بۆ پۆستی جێگری سەرۆک
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، کورد بە سێ بهربژێر بەهێزەوە چاوی لە پۆستە باڵاکانە:
گۆڤەند عەبدولخالق: ئەندامی ئێستای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، کە خۆی بۆ پۆستی جێگری یەکەم بەربژێر کردووە و دەیەوێت بە پشتبەستن بە ئەزموونی چەند ساڵەی رابردووی لەو پێگەیەدا بمێنێتەوە.
د. ئەحمەد کۆچەر: راگری کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکانى زانکۆی سەڵاحەددین کە پێشتریش وەک ئەندامێکی کاتی رۆڵی هەبووە، ئەمجارە رکابەری لەسەر پۆستی جێگری یەکەم دەکات.
د. عەبدوڵڵا جەلال: سەرۆکی یانەی دهۆک، کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەی بادینان، خۆی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆک بەربژێر کردووە.
کێبڕکێ لەسەر ئەندامییەتی دەستەی جێبەجێکار
بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لەو نۆ کورسییەی کە بۆ ئەندامانی دەستەی جێبەجێکار تەرخانکراوە، سێ بەربژێری تری کورد ناویان تۆمار کردووە:
حاکم مەحمود ئەحمەد: جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە، یهكێكه لهو بەربژێره کوردانهی بۆ پۆستی ئەندامی فیدراسیۆنهكه ناوی خۆی تۆمار کردووە
تەها زاخۆیی: ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ، کە دەیەوێت نوێنەرایەتی یانەكانی كوردستان لە ناو دەستەی جێبەجێکاردا بکات.
هونەر جەوهەر: سەرۆکی لقی کەرکوکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، کە بە ئومێدی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی یانەکان بۆ پۆستی ئەندامی فیدراسیۆن چووەتە ناو کێبڕکێکە..
وردەکاریی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە
ئەم هەڵبژاردنە کە بۆ خولی (2026-2029 ) دهكرێت، لەژێر چاودێریی فیفا و فیدراسیۆنی ئاسیا بهرێوهدهچێت. دەرگای خۆپاڵاوتن تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی 8ـی نیسانی 2026 بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
بەربژێرانی کورد پێویستە نامەی پاڵپشتی ئەندامانی کۆمەڵەی گشتی بەدەستبهێنن (لایەنی کەم 3 نامە بۆ جێگرەکان و 2 نامە بۆ ئەندامان)، مەگەر ئەو بەربژێرانەی کە ئێستا ئەندامی فیدراسیۆنن و مافی خۆپاڵاوتنی راستەوخۆیان هەیە.




