
یاریگا –
شەوی رابردوو 4ـی نیسان بارسێلۆنا لە یاریگای مێترۆپۆلیتانۆ لە گەڕی 30ـی لالیگا بووە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بە سێ خاڵی یارییەکە گەڕایەوە بارسێلۆنا.
لە خولەکی 46 کارتێکی سوور بە رووی جێرارد مارتنی بەرگریکاری بارسێلۆنادا بەرزکرایەوە، بەڵام دواتر ناوبژیوان لەلایەن ژووری ڤارەوە ئاگادارکرایەوە کە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا و دوای سەیرکردنەوەی حاڵەتەکە بڕیار بدات. سەرەنجام دوای پێداچوونەوە و وردبوونەوە لە دیمەنەکە، ناوبژیوان لە بڕیاری خۆی پاشگەز بووەوە و کارتە سوورەکەی جێرارد مارتنی گۆڕی بۆ کارتی زەرد.
ئەم رووداوە هەم لەنێو یاریگا و هەم دوای یارییەکە لە دەرەوەی یاریگا مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کاردانەوەکانیش سەبارەت بەو حاڵەتە جۆراوجۆر بوون. یەکێک لە یاریزانەکان کە کاردانەوەیەکی توندی هەبوو، رۆبن لی نۆرماندی بەرگریکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو، کە زۆر لە بڕیارەکەی ناوبژیوان تووڕە بوو و گوتی: هەر بۆ هەر کەسێک لە تۆپی پێ بزانێت، ئەمە کارتی سوورە.”
Le Normand, tajante tras la revisión que ha anulado la roja a Gerard Martín: “Es roja para cualquier persona que entiende de fútbol”
📹 Los mejores resúmenes, análisis y reacciones en Estudio Estadio. pic.twitter.com/tV2sVXEfx4
— Teledeporte (@teledeporte) April 4, 2026
دوای یارییەکە لەبارەی یارییەکەوە لی نۆرماند بۆ میدیاکان قسەی کرد و گوتی:
بێگومان هانزی فلیک دەڵێت کارتی سوور نییە، بەڵام بۆ هەر کەسێک کە لە تۆپی پێ بزانێت، کارتی سوورە. ئەگەر من ئەوە بکەم کارتی سوور وەردەگرم. هەمان شت لە یارییەکەی ریال بێتیس و رایۆ ڤایێکانۆ روویدا؛ لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان گوتی کارتی سوور بوو. نازانم لێرە چی روویدا چونکە دادوەرییەکی باشی دەکرد. پێداچوونەوەی بۆ کرد، بینی کە فاوڵێکی مەترسیدارە و تێناگەم چی روویدا. ئەستەم بوو قسە لەگەڵ ناوبژیوان بکەین، نە کاپتنی تیمەکە نە هیچ کەسێکی دیکە. کاتێک داوای روونکردنەوەمان کرد، تەنیا کارتی زەردی پێدەداین، ئەو لەبری ئارامکردنەوەی یارییەکە تەنیا توندوتیژی یارییەکەی زیاتر کرد. هەمووان هەڵە دەکەن، ئەمڕۆش ئەو هەڵەی کرد. هەمووان ئەمە دەبینن؛ ئەمانە وردەکاریی گەورەن کە ئاراستەی یارییەکە دیاریی دەکەن. ئەمڕۆ ئەوەی زیانی پێگەیشت ئێمە بووین.



