سزاکەی چێڵسی ناڕەوایە؛ بریکارەکەی ئێنزۆ فێرناندێز بێدەنگی دەشکێنێت
مەبەستی بێڕێزیکردن بە یانەکە نەبووە

یاریگا –
بریکارەکەی ئێنزۆ فێرناندێز بڕیارەکەی لیام رۆسێنیۆر بۆ دوورخستنەوەی ناوەڕاستکارەکەی چێڵسی بەتەواو بە ناڕەوا دەزانێت.
خاڤیێر پاستۆریی بریکاری کارەکانی ئێنزۆ فێرناندێز بە تۆڕی ئاتلێتیکی گوت کە گفتوگۆکان لەگەڵ چێڵسی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێنزۆ کە 2032 کۆتایی دێت کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا رێککەوتن نەکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر لایەنەکان نەتوانن دوای جامی جیهانی لەسەر مەرجەکان بگەنە رێککەوتن، ئەوا یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی دیکە دەکات.
رۆسێنیۆر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ئەمرۆ هەیینی رایگەیاند کە فێرناندێز بۆ دوو یاریی داهاتووی چێڵسی بەرامبەر پۆرت ڤەیل و مانچێستەر سیتی ئامادە نابێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەی لە ماوەی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان داویەتی.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لە پۆدکاستێکی Luzu TV، پرسیار لە ئەستێرەکەی چێڵسی کرا کە حەز دەکات لە کام شار بژیت، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: “من هەمیشە بە هاوژینەکەم دەڵێم ئەگەر پێم بڵێیت شارێک لە ئەوروپا بۆ ژیان هەڵبژێرم، بەڕاستی مەدریدم بەدڵە چونکە زۆر لە بۆینس ئایرس دەچێت، ژیانی ئەوێ هەموو شتێکی.”
لیام گوتی کە فێرناندێز سنووری بەزاندووە، بەڵام بریکارەکەی سوورە لەسەر ئەوەی کە کۆمێنتەکانی ئەو لەبارەی داهاتوویەوە نەبووە، بەڵکوو بە سادەیی وەڵامی پرسیاری چاوپێکەوتنێکی داوەتەوە.
پاستۆری وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕەکە دەداتەوە:
چۆن راگیرانەکە روویدا؟
پێنجشەممە نامەیەکم لە یانەکەوە پێگەیشت، لە کاتێکدا ئێنزۆ لە گەشتی گەڕانەوەی بۆ لەندەن بوو؛ پێیان گوتم دەیانەوێت قسەم لەگەڵ بکەن سەبارەت بە لێدوانەکان و لینکی قسەکانی ئێنزۆیان بۆ ناردم. وەڵامم دایەوە کە هیچ کێشەیەکی نییە و منیش لێدوانەکانم بینیوە، سەیری ئەو چاوپێکەوتنەم کردوە کە کردوویەتی و لە هیچ شوێنێکدا بێڕێزی بەرامبەر یانەکە، هاوتیمەکانی، هاندەران یان کەسی دیکە نیشان نادات.
جارێکی دیکە دەیڵێمەوە: ئەو نەیگوت کە دەیەوێت بڕوات یان پێی باشترە لە مەدرید بژیت وەکوو لە لەندەن، ئەو بێڕێزی بە کەس ناکات. کاتێک نامەکەیان بۆ ناردم، وەڵامم دایەوە و ئەوان چیدیکە وەڵامیان نەدایەوە؛ وادیارە ئەوکاتە ئەوان بڕیاریابدابووە ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنی بە لەندەن سزای بدەن.
پێت وایە ئەمە رەوایە؟
سزاکە بەتەواوەتی ناڕەوایە، راگرتنی یاریزانەکە بۆ دوو یاریی کە زیاتر بۆ چێڵسیش گرنگە چونکە سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ لە مەترسیدایە و ئەویش یەکێکە لە گرنگترین یاریزانەکانی تیمەکە. بێگومان لەگەڵ ئەوانی دیکەش، بەڵام ئەمساڵ ئەو خۆی وەکوو سەرکردە و یاریزانێکی گرنگ سەلماندووە، بڕبڕەی پشتی ئەم تیمەی ئێستای چێڵسییە. پێم وایە بە رەچاوکردنی ئەم دۆخەی چێڵسی ئەم سزایە زۆر زۆر توندە و هیچ هۆکارێک یان پاساوێک نییە بۆ راگرتنی.
تێدەگەیت بۆچی لەنیو چێڵسی لەسەر ئەم لێدوانانە توڕەیی هەیە؟
لە دۆخی چێڵسی تێدەگەم، لە کاردانەوەی بەڕێوەبەرانی یانەکەش تێدەگەم دوای ئەوەی گوتی، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ئەو هەرگیز ناوی هیچ یانەیەکی نەهێناوە یان بڵێ دەمەوێت بڕۆم. ئەوەی لە میدیاکان باسکراوە بەرپرسیارییەتی هەر نوێنەرێکی میدیایی یان رۆژنامەنووسێکە کە بە بۆچوونی خۆیان بڕیاریان داوە. لە دۆخی یانەکە تێدەگەم، بەڵام لە سزاکە تێناگەم.
گفتوگۆ سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەست هەبووە؟
گفتوگۆ سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی هەبووە، بەڵێ. نزیکی مانگی کانوونی یەکەم یان کانوونی دووەم دەستمان پێکرد، بەڵام نەدەگەیشتینە هیچ رێککەوتنێک. بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکەی ئێنزۆ هێشتا شەش ساڵی ماوە، بڕیارماندا نوێی نەکەینەوە چونکە مەرجەکان بۆ ئێمە یان یاریزانەکە گونجاو نەبوون؛ بەگوێرەی ئەو ئاستەی ئێستای ئێنزۆ پێشکەشی دەکات، شایستەی زۆر لەوە زیاترە کە ئێستا پێی دەدرێت.
نەگەیشتووینەتە هیچ رێککەوتنێک و رەنگە ئەوەش بێت کە یانەکەی بێزار کردبێت، بەوپێەی کە ئەو یاریزانێکی زۆر گرنگە، بەڵام چەند شتێک هەن کە دەبێت رێکخرێن. من سەیری لایەنی وەرزشی و داراییەکانی دۆخی یاریزانەکەش دەکەم، وام نەدەبینی ئەو نوێکردنەوەیە بەرهەمی هەبێت چونکە ئەوان لەبارەی دۆخی ئێستای ئێنزۆ واقعی نەبوون. وا هەستمان کرد کە لەبری نوێکردنەوە لەسەر کۆمەڵە مەرجێک کە یاریزانەکە دڵخۆش ناکات، باشترە شتەکان وەکوو خۆی لێگەڕێین و سەرنج بخەینەسەر یاریکردن و پێشکەشکردنی ئاستی باش، کە تاوەکوو مانگی ئادار ئامانجی گرنگ: سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ. بڕیارماندا ئەوە لە مێشکمان دەربکەین و سەرنجی سەدا 100 بخەینە سەر یارییە گرنگەکان لەگەڵ چێڵسی و جامی جیهانی لەگەڵ ئەرجەنتین، کە پێویستی بە سەرنجدانێکی زۆر هەیە. نامانەوێت بکەوینە گفتوگۆ لەبارەی کڵێشە، گرێبەست و گفتوگۆکان کە کاتەکەی گونجاو نییە. پلانمان ئەوەیە دوای جامی جیهانی جارێکی دیکە لەگەڵ چێڵسی کۆببینەوە و ئەگەر هیچ رێککەوتنێک نەبوو، ئەوا لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی دیکە دەکەین.
ئێنزۆ دەیەوێت لە چێڵسی بمێنێتەوە؟
ئەو سەرکردە و بڕبڕەی پشتی تیمەکەیە؛ شتێکی سرووشتییەکە لە لایەنی وەرزشییەوە کە دڵخۆشبێت لە چێڵسی. ساڵی رابردوو نازناوی گەورەی بەدەستهێنا و رێزی تەواوی پرێمەرلیگ و هاندەرانی بەدەستهێنا، کاتێکیش یاریزانێک لەنێو یاریگا ئاستێکی لەو شێوەیە نیشان دەدات، بێگومان لەو شوێنە دڵخۆشە. پاشان هۆکاری دیکەش هەن کە کاریگەریان لەسەر بڕیارەکان دەبێت، جا چ مووچە، رێز یان چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ شتێکەکان بێت… کۆمەڵێک شتی زۆر هەن کە ئێمە ئێستا نایان بینین، یان بە لایەنی کەمەوە من وەکوو بریکارێک نایبینم کە یانەکە بە باشترین شێوە سەبارەت بەو مامەڵە لەگەڵ شتەکان بکات.
ئەم دوو یاری راگرتنە کە لە روانگەی منەوە هیچ مانایەکی نییە، وای نیشان دەدات کە یانەکە هەوڵ دەدات شتێک بخاتەڕوو یان پەیامێک بنێرێت؛ پێم وایە بە تێپەڕبوونی کات باشتر لە هۆکارەکان تێدەگەین، بەڵام کردنی ئەمە بەرامبەر کاپتنی دووەمی تیمەکە، یان کاپتنی تیمەکە کاتێک جەیمس ئامادە نییە، سزادانی بە دوو یاریی بۆ شتێک کە من هیچ هۆکار و روونکردنەوەیەکی بۆ نابینم، بەدڵنیاییەوە ئاماژەی جووڵەیەکی دیاریکراوی یانەکەیە کە بەدڵنیاییەوە بەزوویی پێمان رادەگەیەنێت.
ئێنزۆ لە هیچ تانەیەکی هاندەران یان هاوتیمەکانی دەترسێت؟
نەخێر، لە ژووری خۆگۆڕین ئەو هەمیشە شتەکان بە روونی بە هاوتیمەکانی دەڵێت، ئەو سەرکردەیە. ئێنزۆ دەشیەوێت داوای لێبووردن بکات ئەگەر هیچ هاندەرێک هەستی بە سووکایەتی کردبێت، بەڵام بەهەمان شێوە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرگیز باسی یانەیەکی دیکەی نەکردووە یان بڵێت دەیەوێت چێلسی یان لەندەن جێبهێڵێت. ئەمە لێکدانەوەیەک بوو کە میدیا کردی لە ئەنجامی قسەکانیدا.



