ئیسپانیائینگلتەراگرنگترین

گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە؛ ئەستێرەیەکی لیڤەرپوول چاوەڕێی ریال مەدرید دەکات

دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

داهاتووی ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری فەڕەنسی یانەی لیڤەرپوڵ، بووەتە باسی گەرمی میدیاکان و یاریزانەکە بڕیاریداوە پێش دەستپێکردنی مۆندیال چارەنووسی خۆی دیاریبکات، ئەوەش لە کاتێکدایە گرێبەستەکەی لە حوزەیرانی 2026 بەسەردەچێت.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، کۆناتێ تاوەکوو ئێستا ئامادەنەبووە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.

ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری لیڤەرپوول

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ریال مەدرید بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و کۆناتێی وەکوو یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگرییەکەی دەستنیشان کردووە. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا هیچ رێکککەوتنێکی فەرمی واژۆ نەکراوە، بەڵام یاریزانەکە ئارەزووی یاریکردن لە بێرنابیۆ دەکات و چاوەڕوانی دەستپێشخەریی یانە ئیسپانییەکەیە.

سەرچاوەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، لەنێو یانەی لیڤەرپول بێئومێدییەکی تەواو هەستی پێ دەکرێت. سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی یانەکە چەندین جار هەوڵی قایلکردنی کۆناتێیان داوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام یاریزانەکە هەموو پێشنیازەکانی رەتکردووەتەوە. کۆناتێ لەم وەرزەدا 41 یاری لەژێر سەرپەرشتی ئارنە سڵۆت کردووە، بەڵام وادیارە دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ لە دەرەوەی ئینگلتەرا تاقیبکاتەوە.

کۆناتێ دەیەوێت پێش مۆندیال هەموو شتێک یەکلایی بکاتەوە، چونکە چوونە ناو مۆندیال بەبێ گرێبەست مەترسییەکی گەورەیە؛ هەر پێکانێکی کتوپڕ دەبێتە هۆی تێکچوونی پلانەکانی بۆ چوونە یانەیەکی نوێ. پێشبینی دەکرێت لە مانگی نیسانەوە گفتوگۆکان بگەنە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوە.

بەرگریکارەکەی لیڤەرپول یەکێکە لە کۆڵەکەکانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا و بڕیارە لە مۆندیالی 2026 لە تەنیشت ویلیام سـالیبا لە دڵی بەرگریدا یاری بکات. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە دابەزینی ئاستی کۆناتێ لەم دواییانەدا پەیوەندی بە بیرکردنەوەی لە جێهێشتنی لیڤەرپول هەیە، هەر بۆیە یانە ئینگلیزییەکە لە ئێستاوە دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکدا لە بازاڕی گواستنەوەکان.

Back to top button