
یاریگا –
زاخۆ و دهۆک لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، راهێنەری زاخۆش هۆشداری بە یاریزانەکانی دەدات و دەڵێت پێویستە لە ئاستی خۆیاندابن.
لە گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک و زاخۆ کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، لە سەر پێکهاتنی کارگێڕی هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ، هەردوو یاریی چوون و هاتن لە یاریگای فرانسۆ هەریری دەکرێت بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانیان.
گومان هەیە لە بەشداریکردنی هەردوو یاریزان شێرکۆ کەریم و ئێچیتا دیپۆتی نایجیری بەهۆی هەبوونی پێکان، هەردوو یاریزانەکە دوایین یەکەی مەشقی بە کۆمەڵیان نەکردووە و بەشداری کردنیان دەگەڕێتەوە دەستەی پزیشکی یانەکە و راهێنەری تیپەکە.
ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ باسی ئامادەکارییەکانی تیپەکەی کرد بۆ یارییەکە و گووتی:
یاریی دێڕبی یارییەکی گرینگە، پێویستە سێ خاڵ بەدەست بهێنین و جارێکی دیکە هاندەرانمان دڵخۆش بکەین، هیواداربووین هاندەر لە یاریگا ئامادەبوونیان هەبا، بەڵام ئەوە رێکەوتنی هەردوو یانەیە، پێویستە لەسەر یاریزانەکان ئاستێکی باش پێشکەش بکەن لەم یارییەدا، بۆ ئەم مەبەستەش ئاگادارم کردوونەتەوە.
زاخۆ 40 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەم دێت، گەڕی داهاتووش دەبێتە میوانی ئەمانەی بەغدا، دهۆکیش بە 34 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



