کوردستان

لیژنەی رێککاری و یاسایی لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد

دهۆک بەرامبەر چەمچەماڵ بە دۆڕاو هەژمار کرا

Yariga App

یاریگا –

لیژنەی رێککاری و یاسایی لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی کرد و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.

دوای چەند رووداوێک لە گەڕەکانی کۆتایی و گەڕەکانی پێشووتری خولی پلە یەکی کوردستان، بە سەیرکردنی راپۆرتی سەرپەرشتیار و ناوبژیوانان و بەڵگەکان، لیژنەی رێککاری و یاسایی لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی کرد.

لیژنەکە بڕیاریدا یاریی چەمچەماڵ و دهۆک لە بەرژەوەندی چەمچەماڵ بە ئەنجامی 3 _ 0 هەژماربکرێت دوای ئەوەی دهۆک لە نێو یاریگای چەمچەماڵ و بە بیانووی ئامادەبوونی هاندەر یارییەکەی تەواو نەکرد، لیژنەکە دەربارەی رووداوەکانی یاریی خاک و سێمێڵ، یوسف ستار، راهێنەری خاکی بۆ ئەم وەرزە و وەرزی داهاتوو راگرت و بۆی راهێنەرایەتی هیچ یانەیەک بکات لەم ماوەیەدا.

تەواوی بڕیارەکانی لیژنەی رێککاری و یاسایی لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان. 

1- سەبارەت بە یاری نێوان (چەمچەماڵ) x (دهۆک) لە گەڕی 13ی خولی پلە یەکی کوردستان:
دوای بەدەستگەیشتنی ڕاپۆرتی سەرپەرشتیار و ناوبژیوانی یارییەکە و دوای خوێندنەوە و تاوتوێکردنی، دەرکەوت کە هیچ پاساوێک نەبووە بۆ یانەی (دهۆک) کە ئەم یارییە ئەنجام نەدات. بۆیە بە پشتبەستن بە بڕگەی (أ) لە ماددەی (3)ی سزای یانەکان، دوای چاوەڕوانکردنی ناوبژیوان بۆ زیاتر لە (15) خولەک و لێدانی فیکەی کۆتایی یارییەکە، بڕیاردرا بە هەژمارکردنی ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەی (چەمچەماڵ) بە بردنەوەی بەرامبەر یانەی (دهۆک) بە ئەنجامی (3 – 0).

2- سەبارەت بە یاری نێوان (خاک) x (سێمێڵ) لە خولی پلە یەکی کوردستان، گەڕی 14:
بەهۆی هێرشکردن بۆ سەر ناوبژیوان و هەڕەشەکردنی بەردەوام، ڕاهێنەری یانەی (خاک) (یوسف ستار) سزادرا بە ڕاگرتنی بۆ وەرزەکانی (2025 – 2026) و (2026 – 2027)، بەپێی بڕگەی (أ) لە ماددەی (7)ی تایبەت بە سزای کارگێڕان و ڕاهێنەران. هەروەها بڕیاردرا بە تەواوکردنی یاری نێوان (خاک) x (سێمێڵ) لە گەڕی چواردەم، کە لیژنەی پێشبڕکێکان کات و شوێنەکەی دیاری دەکات.

3- سەبارەت بە یاری نێوان (دهۆک) x (شۆرجە) لە خولی پلە یەکی کوردستان، گەڕی 14:
أ- بەهۆی هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی قسەی نەشیاو بەرامبەر بە ناوبژیوانان، گەڕانەوە بۆ ناو یاریگا دوای دەرکردنی بە کارتی سوور کە بووە هۆی وەستانی یارییەکە، و هێرشکردن بۆ سەر ناوبژیوانان و هەڕەشەی کوشتن لە دوای تەواوبوونی یارییەکە؛ یاریزانی یانەی (شۆرجە) (بڕیار عەدنان) بە ژمارە (2) سزادرا بە ڕاگرتنی بۆ (3) سێ یاری، بەپێی بڕگەی (أ) لە ماددەی (7)ی سزای یاریزانان وەک سزا کارگێڕییەکەی، لەگەڵ مانەوەی سزا هونەرییەکەی کە کارتی سوورە.
ب- بەهۆی جنێودان و قسەی نەشیاو بەرامبەر بە ناوبژیوانان، هەردوو یاریزانی یانەی (شۆرجە) (ئەحمەد عومەر) ژمارە (7) و (عوسمان قاسم) ژمارە (22)، سزادران بە ڕاگرتنیان بۆ (1) یەک یاری بەپێی بڕگەی (أ) لە ماددەی (7)ی سزای یاریزانان وەک سزا کارگێڕییەکەیان، لەگەڵ مانەوەی سزا هونەرییەکانیان کە کارتی سوورە.
ج- دوای دەرکردنی بە کارتی سوور، یاریزانی یانەی (شۆرجە) (محەمەد عەدنان) چەند جارێک تفی لە ناوبژیوان کردووە و قسەی نەشیاوی بەکارهێناوە؛ بڕیاردرا بە ڕاگرتنی بۆ (5) پێنج یاری بەپێی بڕگەی (أ) لە ماددەی (4)ی سزای یاریزانان.
تێبینی: بڕیاری ژمارە (3) بڕگەی (ج) شیاوی تێهەڵچوونەوە (استئناف) نییە.

4- سەبارەت بە ڕووداوەکانی یاری نێوان (بازیان) x (سۆران) لە خولی پلە یەکی کوردستان، گەڕی 14؛لێکۆڵینەوەکان تێیدا بەردەوامن.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button