ئامانجمان بردنەوەی چامپیۆنزلیگە؛ ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا زەنگی مەترسی لێدا

یاریگا –
بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لەنێو کامپ نۆو بە ئەنجامێکی گەورە لە نیوکاسڵی بردەوە و زەنگی مەترسی بۆ گەورەکانی ئەوروپا لێدا.
جێرارد مارتن دوای یارییەکە وەکوو بەرگریکارێکی راستەقینە دەرکەوت و قسەی کرد، بە شوێنکەوتنی ستانداردە بەرزەکانی هانزی فلیکی راهێنەر، بەرگریکارەکە سەرەتا بە گلەییکردن دەستیپێکرد و گوتی:
دوو هەڵەمان کرد کە وایکرد لە گێمی یەکەم دوو گۆڵمان لەسەر بکرێت، ئەوەش واتلێدەکات هەست بە پارێزراوی نەکەیت و نەتوانیت بە ریتمی خۆت یاریی بکەیت.
جێرارد مارتن لە درێژەی قسەکانیدا بۆ TV3 باسی لەوە کرد کە تیمەکە لە گێمی دووەمدا باشتر بوو و گوتی:
لە گێمی دووەم دەمانزانی لە یاریگای خۆمانین و دەبێت فشار بکەین. بە تۆپەوە باشتر بووین و بۆشایی زیاترمان دۆزیەوە، توانیشمان دەرفەتی گۆڵکردنی زیاتر بڕەخسێنین. نیشانماندا کە دەتوانین رکابەریی هەموو تیمێک بکەین و ئامانجیشمان بردنەوەی چامپیۆنزلیگە.
مارتن کە لە دڵی بەرگری یاریی دەکرد و دواتر وەکوو باڵی چەپی بەرگری یارییەکەی تەواوکرد، مەترسی راگیرانی لەسەر بوو، بەڵام کارتی زەردی وەرنەگرت، بەمەش بۆ یارییکردن بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئامادە دەبێت.
لە یارییەکەدا ئەو گۆڵی دووەمی یانەکەی بۆ مارک بێرنال دروستکرد و لە گۆڵی چوارەمیش کە فێرمین کردی، دەستپێکی هێرشەکە لەوەوە بوو کاتێک پاسێکی نایابی بە رافینیادا.



