
یاریگا –
ئێدین هازارد، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەلجیكا چەند نهێنییەكی كاروانی وەرزشی ئاشكرا كرد و كەریم بێنزێما بە بەهێزترین یاریزان دادەنێت لە تەنیشتی یاریی كردبێت.
هازارد لە ساڵەكانی 2012 تاوەكو 2019 لە ریزەكانی چێڵسی یارییكرد و ئاستێكی نایابی پێشكەشدەكرد، دوای ئەوەی لە هاوینی 2019 پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە كرد پێكانە یەک لە دوای یەكەكان ئاستی ئەستێرە بەلجیكیەكەی دابەزاند.
لە چاوپێكەوتنێكی دوور و درێژدا لەگەڵ رۆژنامەی لیكیپ، ئێدین هازارد لیۆنێل مێسی وەكو سەختترین ركابەر دەستنیشانكرد كە رووبەڕووی بووبێتەوە و ئاشكرایكرد جۆزێ مۆرینیۆ گەورەترین كاریگەری لەسەری هەبووە.
بەهێزترین و باشترین یاریزان یارییت لەگەڵ كردبێت؟
كەریم بێنزێما، لە یارییەكان و راهێنانەكاندا ئاستی زۆر زۆر بەرز بوو، كاتێک لە یاریگادا لەگەڵی بووم لەبەردەم خۆمەوە دەمگوت؛ واو ئەوە هونەرێكی راستەقینەیە.
سەختترین ركابەر رووبەڕووی بووبیتەوە؟
بێگومان مێسی، لەگەڵ چێڵسی، ریال مەدرید و بەلجیکا رووبەڕووی بوومەتەوە. لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەدا، دوای چەند خولەکێک گۆڵی كرد و دواتر گۆڵی دووەمیشی کرد هەروەها ئەسیستی گۆڵێکی دیكەشی کرد. لە بردنەوەی 3-0دا هەموو کارێکی کرد، ئەو بێ ركابەرە.
بەهێزترین بەرگریكار؟
كایڵ وۆڵكەر، حەزم بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەبوو، ناتوانم بڵێم ئەو شەڕانگێز بوو بەڵكو زیاتر بەهێز بوو، ئامێرێكی جەستەیی بوو، دەبوو لە باشترین دۆخی خۆتدا بیت تاوەكو لێی تێپەڕ بیت.
كێ گەورەترین كاریگەری لەسەرت هەبووە؟
مۆرینیۆ، دوو ساڵ و نیو لە چێڵسی لەگەڵیبووم، ئەزموونێکی بڕواپێنەكراو بوو، شێوازی راهێنان و بەڕێوەبردنی تیمەکەی زۆر لەگەڵم دەگونجا، ئازادی و متمانەی پێ دەبەخشیم، زۆرجار دەیگوت: ئێدین، هەرچی دەتەوێت بیکە، گرنگ ئەوەیە گۆڵ بکەیت.
لووتكەی ئاستت كەی بوو؟
مۆندیالی 2018، لە دوا وەرزمدا لەگەڵ چێڵسی لە لوتکەدا بووم، نەمدەتوانی لەوە باشتر ببم، هەموو هەوڵێکم دا بۆ ئەوەی ببمە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان.
دەربارەی شكستەكەیان بەرامبەر فەڕەنسا گوتی;
ساڵان تێدەپەڕن و تەنیا لایەنە ئەرێنییەکان دەمێننەوە. بەلجیكا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، لە چارەكی كۆتایی بەڕازیلمان كردە دەرەوە لە یاریی پلەی سێیەم لە ئینگلتەرامان بردەوە، کاتێک گەڕاینەوە برۆکسل ئەو پێشوازییە گەرمەمان بینی، هەستمان بە گەورەیی کارەکەمان کرد.
گەورەترین پەشیمانی ژیانت؟
گەورەترین پەشیمانیم پێکانەکەم بوو لە ریال مەدرید و كە بەو شێوەیە وازم هێنا. حەزمدەکرد کارێک بکەم هاندەرانی بێرنابیۆ بۆ رێزلێنانم لەسەر پێ بوەستن، بەڵام نەمتوانی. ئەمە پەشیمانم دەکاتەوە، نەک تەنیا بۆ خۆم، بەڵکو بۆ هاندەران و بۆ ئەو سەرۆکەش كە منی گواستەوە یانەكە.
جوانترین تیم كە لەگەڵیدا یارییت كردبێت؟
ریال مەدریدی سەردەمی بێنزێما، مۆدریچ، كروس، كاسێمیرۆ، ڤاران، مارسێلۆ و رامۆس هەڵدەبژێرم، لە هەموو هێڵەكاندا ناوازە بوون.
جوانترین تیم یارییت بەرامبەر كردبێت؟
مانچێستەر سیتی پێپ گواردیۆلا هەڵدەبژێرم، لەگەڵ ئەگوێرۆ و بێرناردۆ سێلڤا و دی برۆین ترسناک بوون، هەندێكجار نەماندەتوانی تۆپەكە وەربگرین.
ئێدین هازارد لە كاروانی وەرزشیدا لەگەل یانە 623 یاریی كردووە توانیویەتی 167 گۆڵ بكات و 153 گۆلیش درووستبكات. هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەكەی 126 یاریی كردەوە و 33 گۆڵی كردووە و 36 گۆڵیشی درووستكردووە.



