
بەڕیز خوان، بۆچوونت چییە لەسەر چاوپێکەوتنەکەی چاڤی، کە زۆر توند بوو بەرامبەرت. شێوازی قسەکردنی ئەو سەرسامی کردیت؟
بەڵێ، سەرسامی کردم و راستییەکەی ئازارم دەدات.
کاتێک لێدوانەکەی چاڤیم بینی بیرم لە فلیک کردەوە و بیرم لەوە کردەوە چەندێک قورسە سەرۆکی بارسێلۆنا بیت، چونکە لەپێناوی بەرژەوەندی یانەکە دەبێت بڕیاری قورس بدەیت، وەکوو بڕیاری دەرکردنی چاڤی.
بەڵام باوەڕم وایە ئەوەی پێویست بوو کردوومە، بۆیە خەیاڵم ئاسوودە بوو. پێموابوو لەگەڵ چاڤی بەردەوام دەدۆڕێین، لە کاتێکدا لەگەڵ راهێنەرێکی نوێی وەکوو فلیک دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ بردنەوە — خوان لاپۆرتا.
لەگەڵ مێسی چی روویدا؟
کاتێک نەمانتوانی گرێبەستی مێسی نوێ بکەینەوە هۆکارەکەی بەتەواوەتی ئابووری بوو، چونکە نەماندەتوانی گرێبەستەکەی لەگەڵ بوودجەی یانەکە بگونجێنین بەهۆی دۆخی سەختی دارایی لەو کاتەدا.
لە 2023 چاڤی هاتە لام و گوتی قسەی لەگەڵ مێسی کردووە و یاریزانەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە، داوای لێکردم گرێبەستەکە ئامادە بکەم بینێرم بۆ خۆرخێ مێسی و ئەوە لە نزیکی ناوەڕاستی مانگی ئازار بوو.
بەڵام لە مانگی گوڵان، خۆرخێ مێسی هات و پێی گوتم کە گەڕانەوەکە ئەستەمە، بەلایانەوە باشترە بچنە ئینتەر میامی
بۆیە پێم گوتن من بەتەواوی رێز لە بڕیارەکەیان دەگرم، چونکە لە کۆتاییدا ئەمە بڕیاری خۆیانە — خوان لاپۆرتا.
دەکرێت ئەو یاریزانانە بناسین کە چاڤی داوای دەکرد دەربکرێن؟
ئەوان یاریزانی گرنگ بوون، دوا دیاربوو دوای ئەو هەموو شتەی لە وەرزەکە روویدا تەواو بە تیمەکە قایل نەبوو.
من خۆم ئەوەم بینی چونکە دوای یارییەکان قسەم لەگەڵ دەکرد. چاڤی هەمیشە لە پێکهاتەی سەرەکی و ناوبژیوانان ناڕازی بوو، کە ئەمە شتێکە هەندێکجار روودەدات و ئێمە وەکوو هاندەری بارسێلۆنا گلەیی لێدەکەین، بەڵام ئەو بەردەوام هەستی دەکرد تیمەکە ناتوانێت رکابەری بکات.
چاڤی و ستافەکەی بەردەوام ئەوەیان زۆر دووبارە دەکردەوە — خوان لاپۆرتا.
بۆ چاڤی دەرکرا؟
لە خودی چاوپێکەوتنەکەدا چاڤی خۆی باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە ناچاری کردم دەری بکەم.
هۆکارەکە ئەوە بوو کە چیدیکە نەیدەتوانی هاوسەنگیی ژیانی پیشەگەریی وەکوو راهێنەری بارسێلۆنا لەگەڵ ژیانیی خێزانەکەی رابگرێت. هەروەها لێدوانێکیدا کە گوتی بارسێلۆنا بۆ ماوەی دوو ساڵ ناتوانێت رکابەری ریال مەدرید و تیمە ئەوروپییەکان بکات.
دوای ئەوە پەیوەندیم پێوەکرد و پێمگوت کە ئێمە لەسەر ئەوە رێک نەکەوتبووین. ئەو گوتی بەهەڵە لەو لێدوانە تێگەیشتوون، بەڵام دوای چوار – پێنج رۆژ، داوای گۆڕینی چەند یاریزانێکی کرد و لەو کاتەدا بڕیارمدا کە ناکرێت ئەو چیدیکە بەردەوام بێت — خوان لاپۆرتا.
تووڕەیی چاڤی؟
تێدەگەم کە چاڤی رەنگە ئازار بچێژێت چونکە فلیک بە هەمان ئەو یاریزانانە سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە لەگەڵ چاڤی شکستیان دەهێنا. لە هەستی تێدەگەم، بەڵام ئەوەی ئازارم دەدات ئەوەیە کە رێگەی بەخۆیدا بەکاربهێنرێت و بەدوای زیان گەیاندنە بە من، ئەو هێرشی کردە سەر کەسێک لە کەسە نزیکەکانم، ئالیخاندرۆ ئێچێڤاریا، ئەوەش بێزارم دەکات
ئێچێڤاریا و یوستێ لەنێو ئەو کەسانە بوون کە بەرگریکاری سەرسەختی بەردەوامی چاڤی بوون تاوەکوو ئەو ساتەی کە دەکرا بەرگری لێبکەن. لێرەدا ویستێک هەیە دەیەوێت کەشی یانەکە ژەهراویی بکات و ناکۆکی دروست بێت — خوان لاپۆرتا.
باوەڕم وایە ئەوەی روویدا پەیوەندی بە بەڕێز ڤیکتۆر فۆنتیشەوە هەیە، کە لەپشت چاڤییە و هەوڵ دەدات ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنە لاواز بکات.
ئەو هیچ کێشەی لەگەڵ ئەندامێکی نوێ نییە کە لە یانەکە دەردەکەوێت و تەنیا بۆ رۆژێک پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات، پاشان رۆژی دواتر سکاڵایەک تۆمار دەکات کە پڕە لە تۆمەتی ناڕاست و بانگەشە.
دواتر بەڕێز فۆنت دەچێتە بەردەم میدیاکان و هەوڵ دەدات بەها بەو درۆیانە بدات. ئەمە رێچکەیەکە کاریگەری لەسەر من دروست ناکات و باوەڕم وایە کاریگەری لەسەر هاندەرانی بارسێلۆناش نابێت.
دەکرێت هەمان سیناریۆی مێسی لەگەڵ لامین یامال دووبارە ببێتەوە؟
یەکێک لەو شتانەی شانازی پێوە دەکەم رەتکردنەوەی گرێبەستی پاریس سان جێرمان بوو بۆ لامین یامال بە بڕی 250 ملیۆن یۆرۆ _ خوان لاپۆرتا
چی دەڵێیت لەسەر رەخنەکانی سەبارەت بە ئالیخاندرۆ ئێچێڤاریا؟
سەبارەت بەوەی ئێچێڤاریا گوترا، ئەو کەسێکە کە متمانەی تەواوی منی هەیە، بەتایبەت لە بابەتەکانی پەیوەست بە خولی ئیسپانی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی شاهانەی ئیسپانیی.
ئەو کەسێکە کە بۆ جێگیریی ژووری خۆگۆڕین کار دەکات، چونکە پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ تیمەکە هەیە و ئەمەش سوودێکی گەورەی بە من دەگەیەنێت، هەر بۆیە ئەو سازانەی لە ژووری خۆگۆڕین دەبینین.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسێکی زیرەک، راستگۆ و بوێرە. هەروەها توانایەکی گەورەی لە چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە کە لە کاتی بەڕێوەربدنی یانەکە سەرهەڵدەدەن.
کەسانی دیکەشم هەیە کە متمانەیان پێدەکەم، وەکوو ئێنریک ماسیاس لە نووسینگەی سەرۆکایەتی و هەروەها جۆردی ڤینیسترۆس و مانانا جۆرداش.
شتێکی زۆر ئاساییە سەرۆکی هەر دامەزراوەیەک کە تیمێکی میمانەپێکراوی هەبێت، ئەمە لە هەموو دامەزراوەیەکدا هەیە. لە راستیدا شتەکان زۆر باش بەڕێوە دەچن.
چۆن وەڵامی ئەو قسانە دەدەیتەوە کە سەبارەت بە سکاڵا و تۆمەتەکانی دژی بەڕێوەبردنی تۆ گوتراون؟
هەر شتێک رۆژنامەکان لەبارەی ئەو سکاڵایە دەیڵێن کەسێک کردوویەتی، کە سکاڵایەکی ناراستە و پڕ لە درۆیە، بە تەواوی رێکە لەگەڵ هەر خاڵێک کە فۆنت بەکاری دەهێنێت بۆ زیان گەیاندن بە بەڕێوەبردنی پێنج ساڵەی ئێمە.
شتێک هەیە کە زۆر روونە: هاندەرانی یانەکە رازین. ئێستا ڤیکتۆر فۆنت لە واقعێکی جیاوازدا دەژیت. لە 2021 ئەندامانی یانەکە خۆیان هەڵیان بژارد کە سەرکردایەتی داهاتووی بارسێلۆنا بکات.
ئەمڕۆ هاندەرانی بارسێلۆنا دڵخۆشن چونکە لە دۆخێک بووین کە یاریگاکە کۆن و داڕمابوو، تییمەکە نەیدەبردەوە و یانەکە مایەپووچ بووبوو، ئێستا دۆخەکە جیاوازە.
بەهۆی ئەو متمانەیەی ئەندامەکان بە ئێمەیان بەخشی و جێگیریی رێکخراوەیی لە ماوەی ئەم پێنج ساڵە، ئێستا یاریگایەکی نوێمان هەیە، تیمێکی زۆر بەهێزمان هەیە و یانەکە لەڕووی ئابوورییەوە گەڕاوەتەوە — خوان لاپۆرتا
بەڕێز فۆنت دەڵێت کە سەرکەوتنی ئێستا زۆربەی بەهۆی سەرۆکایەتی پێشووەوەیە، بەتایبەت لە تیمی خانمان و بەڕێوەبەرانی ئێستا بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەکانی یانەکە ناکەن. وەڵامی تۆ چییە؟
خوان لاپۆرتا:بەڕێز فۆنت نکوڵی لە راستییەکان دەکات. تاوەکوو ئێستا باسی تیمی خانمانی دەکرد. سەیرکە لە پێنج ساڵی رابردوو تیمی خانمان سێ نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
هەروەها نازناوی تاکەکەسیشمان بردووەتەوە، لە دوایین پێنج وەشانی باڵۆن دۆر یاریزانانی بارسێلۆنا بەدەستیان هێناوە، پوتێلاس دووجار بەدەستی هێناوە و ئایتانا بۆنماتیش سێ جار.
هەر ئەوەندەش نییە، تیمە وەرزشییەکانی دیکەش بە نزیکەیی هەمووشتێکیان بەدەستهێناوە. هەروەها پەیوەستییەکی سۆزداریی زۆر بەهێزش لەنێوان ئەم تیمانە و هاندەران هەیە، هەموو دونیا بەشێوەیەکی ئەرێنی باسی تیمی خانمانی بارسێلۆنا دەکات، کە ئەمەش یانەکە وەکوو دامەزراوەیەک بەهێز دەکات.
ناچاربووین بوودجەی تیمی باسکە کەم بکەینەوە، بۆچی؟ چونکە دۆخێکی زۆر سەختی ئابوورییمان بۆ مابووەوە. هەروەها هەموو سەرنجمان خستەسەر بنیادنانی تیمێکی رکابەر بۆ تیمی یەکەمی تۆپی پێ، ئەمەشمان بەهۆی ئەو هۆکارەوە بەدەستهێنا، بەتایبەت لە دوایین دوو ساڵدا بە سەرکردایەتی دێکۆ، لەگەڵیشیدا ستافی تەکنیکی کە هانزی فلیکی راهێنەر رابەرایەتیان دەکات.
سەبارەت بە بابەتی مێسی، ئەوەی پێشنیازی دەکەین دروستکردنی پەیکەرێکە بۆی وەکوو ئەوەی یۆهان کرۆیف، هەروەها رێکخستنی یارییەکی رێزلێنان کاتێک نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە تەواو دەبێت، کە باوەڕم وایە بە ئامادەبوونی 105 هەزار هاندەر زۆر سەرسووڕهێنەر دەبێت.
بەڵام جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەو پڕۆژە وەرزشییەی ئێمە پێشکەشی دەکەین، ئەگەر ئەندامەکان متمانەی خۆیانمان پێبدەن، بەردەوام دەبێت لەسەر بنەمای مانەوەی هانزی فلیک وەکوو راهێنەر و دێکۆ وەکوو بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە.
ئێمە تیمێکی زۆر رکابەرمان هەیە کە یاریزانەکان لە ئەکادیمیای لاوان و یاریزانان لە دەرەوە دەهێنێت و بەیەکیان دەبەستێتەوە، ئەم شێوازەش زۆر بە باشی کار دەکات. باوەڕیشم وایە ئەمە شتێکی باشە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکە.
ئەگەر بەڕێز فۆنتیش سەرکەوێت، پێم وایە ئەوە دەبێت گەورەترین مەترسی بۆ ئەم پڕۆژە وەرزشییە، چونکە لە ئێستاوە گوتوویەتی دێکۆ دەردەکات و بە سێ کەس کە ئیشی کەسێک دەکەن شوێنی دەگرێتەوە.
نازانین کێ راهێنەر دەبێت، چونکە هانزی فلیک گوتی کە ئەگەر دێکۆ بڕوات، ئەو ئاسوودە نابێت و رەنگە نەیەوێت بەردەوام بێت.
لێدوانەکانی ڤیکتۆر فۆنت:
دەمێکە دەڵێین دەبێت قۆناخی دۆسییە یاساییەکان لەنێو بارسێلۆنا کۆتاییان بێت، پێویستە پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و نابێت چیدیکە لەبری کارە وەرزشییەکان لە هۆڵەکانی دادگا کات بەسەرببەین.
ڤیکتۆر رۆکی بە 30 ملیۆن یۆرۆ گواسترایەوە، کاتێکیش فرۆشرا، ژمارەیەکی جیاواز پێشانی خەڵک درا بەڵام ئەگەر سەیری بەیاننامە داراییەکانی یانەکە بکەیت، بڕگەیەک هەیە بەناوی ‘ زیانەکان لە فرۆشتنی یاریزانان’
هەزاران هاندەری بارسێلۆنا بەم ناکۆکیانەی ئێوە دڵتەنگ بوونە، رات چییە بەڕێز فۆنت؟
راستییەکە ئەوەیە هەزاران هاندەری یانەکە دڵتەنگ بوون چونکە بینینی ئەفسانەکانی بارسا لە دۆخێکی ئاوا ئازاربەخشە. چاڤی خۆشەویستی خۆی بۆ یانەکە پێشانداوە و بوێری هەبووە راستی بڵێت، راستییەک کە زۆرێک لە ئەندامان لە یانەکە رۆیشتوون و نەوێران ئەو قسانە بکەن چونکە کلتووری یانەکە بەو جۆرەیە؛ ‘یان لەگەڵ منیت یان دژی منیت’، ئەوەش وا دەکات نەتوانی قسەبکەیت. مێسیش وەڵامی قسەکانی چاڤی دایەوە.
دەکرا پارەی گرێبەستی نایک بۆ زۆر شتی دیکەی گرنگ بەکاربهێندرێت، وەکوو کەمکردنەوەی نرخی بلیت، چونکە چەندین خێزان هەن پێمان دەڵێن؛ بۆ سەیریکردنی یارییەکان دەبێت 400 یۆرۆ بدەن، زۆرێک ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن



