
یاریگا –
کێشەکانی ریال مەدرید لە زیادبوونن و ئاربێلوای راهێنەر لە تواناکانی دوو بەرگریکاری سەرەکی تیمەکەی بێبەش دەبێت.
ریال مەدرید سەرەڕای ئەنجامە خراپەکان و قەیرانی پێکان، لەم ساتە گرنگەی وەرزەکەدا قەیرانی راگیرانی یاریزانەکانیشی بۆ دروست بووە. بۆ یارییەکەی رۆژی هەیینی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە لالیگا، ئالڤارۆ ئاربێلوا لە تواناکانی هەر یەکە لە ئالڤارۆ کارێراس و دین هاوسن بێبەش دەبێت.
هەردوو یاریزانەکە بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانیانەوە راگیراون. هاوسن لە گێمی دووەم هاتە ناوەوە و شوێنی دەیڤد ئالابای گرتەوە، بەڵام هەر زوو بەهۆی فاوڵێکی ئاشکراوە کارتی زەردی بەڕوودا بەرزکرایەوە. کارێراس بە هەمان شێوە لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا بەهۆی بەرکەوتنێک کە زۆرێک پێیان وابوو ئاسایی بوو، کارتی زەردی پێدرا. ئێستا هەردوو یاریزانەکە ناتوانن گەشتی ڤیگۆ بکەن.
کێشەی زیاتر لە هێڵی بەرگری هەیە؛ ئێدێر میلیتاو هێشتا پێکانی هەیە، راوول ئاسێنسیۆ هێشتا بەهۆی ئەو پێکانەی بەرامبەر بێفیکا تووشی بوو تەواو چاک نەبووەتەوە و روون نییە ئامادەی یاریکردن دەبێت یان نا. ئانتۆنیۆ رودیگەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت تاوەکوو فشاری زۆر نەکەوێتە سەر ئەژنۆی و ئالاباش ماوەی دوو ساڵە بەدەست کێشەی جەستەییەوە دەناڵێنێت.
بەبێ هاوسن و کارێرا، باشترین سیناریۆ ئەوەیە ئاسێنسیۆ و رودیگەر لە دڵی بەرگری سەرەکی بن. ئەگەر نا ئاربێلوا رەنگە ئالابا، چوامینی یان تەنانەت رەنگە یاریزانی لاوی وەکوو لامینی فاتی یان دیێگۆ ئاگوادۆ بەکاربهێنێت. لە باڵی چەپ بژاردەکان فێرلاند مێندی و فران گارسیان.



