
یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا، حەمزە حەیدەر، هێرشبەری یانەی رزگاری وەک باشترین یاریزانی گەڕی 17ـەمی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان کرد، ئەمەش دوای ئەو ئاستە بەرز و سەرنجڕاکێشەی لە یارییەکانی ئەم هەفتەیەدا نیشانیدا.
درەوشانەوەی حەمزە لە “یاریی مانەوە”دا
حەمزە حەیدەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر پیشهسازی رکابەر له پێناو مانهوه، کە بە ئەنجامی 4-2 بردنەوەیان بەدەستهێنا، رۆڵێکی فریادڕەسانەی گێڕا.
ئەم هێرشبەرە لە ماوەی 88 خولەک یاریکردندا، توانی مەکینەی گۆڵکردنی یانەکەی بباتە پێشەوە و لە خولەکهكانی 18 و 37ـدا دوو گۆڵی بۆ یانهكهی كرد، ئەمە یەکەمین یاریی ئەم یاریزانە بوو کە تێیدا گۆڵ بۆ یانەی رزگاری تۆمار بکات، کە بووە هۆی ئەوەی یانەکەی لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین دوور بخاتەوە.
ئەزموونی خولی ئەستێرەکان لە خزمەت رزگاریدا
حەمزە حەیدەری تەمەن 28 ساڵان، کە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و پێشتر لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا درێسی یانەی کەرخی پۆشیوە، لەم یارییەدا قورسایی خۆی لە هێڵی هێرشبەری رزگاریدا نیشاندا.
هەنگاوێکی گرنگ بۆ مانەوە
بەهۆی درەوشانەوەی حەمزە و بەدەستهێنانی ئەم 3 خاڵە گرنگە، یانەی ڕزگاری هەناسەیەکی ئارامی هەڵمژی، ئەم بردنەوەیە وای کرد یانەکە لە ناوچەی مەرگ و مەترسیی دابەزین بۆ خولی پلە یەک دوور بکەوێتەوە، ئێستا یانەکە بە گەشبینییەکی زیاترەوە سەیری گەڕەکانی کۆتایی خولەکە دەکات، بەو ئومێدەی بە سەرکردایەتی حەمزە حەیدەر پێگەی خۆی لە ڕیزبەندییەکەدا قایمتر بکات.



