
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە یاریی داهاتوو بەرامبەر ڤیاڕیال دەگاتە یاریی ژمارە 100 وەكو راهێنەری یانە ئیسپانییەكە.
وابڕیارە رۆژی شەممە بارسێلۆنا لە یاریگای سپۆتیفای كامپ نۆو میوانداری ڤیاڕیال بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی 26 لالیگای ئیسپانیا.
لەو یارییەدا فلیک دەگاتە یاریی ژمارە 100 وەكو راهێنەری یانە كاتالوونییەكە و لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فەرمی بارسێلۆنا باس لە سەرەتای پەیوەندیكردنی بەو یانەیەوە تاوەكو ئێستا دەكات.
100 games, one incredible journey. 💙❤️ pic.twitter.com/NTMoENZrx1
— FC Barcelona (@FCBarcelona) February 26, 2026
100 یاریی لەگەڵ بارسێلۆنا شتێكی باوەڕپێنەكراوە، ئەوە خەونێک بوو هاتە دی، ئەمە کارێکە پێویستی بە هەوڵێکی زۆر هەیە، بەڵام من زۆر سوپاسگوزاری ئەو شتانەم کە لە یانەکە و یاریزانەکانەوە پێمدەگات.
بۆ من جێگەی شانازییە کە لەم یانە ناوازەیەدا کار دەکەم.لە یەكەم رۆژی گەیشتنمەوە هەمووان وەكو خێزانێک وابوون، لێرە هەمووان بە دڵ و بە گیان كاردەكەن، كاردكردن لێرە پابەندبوونە.
دەبێت بزانیت بارسێلۆنا بەمانای چی دێت، بارسا ناسنامە و شێوازی یارییكردنە، تەنیا گرنگ بردنەوە نییە گرنگ ئەوەیە چۆن دەیبەیتەوە، زۆر گرنگە كە وەكو بارسا بیبەیتەوە.
لە ماوەی ژیانی وەرزشیمدا وەکو یاریزان و وەکو راهێنەر، هەمیشە لەسەر بارسێلۆنا سەرقاڵی خوێندن و فێربوون بووین. ئەوان مۆدێلێکی باش بوون بۆ ئێمە تا پەرە بە خۆمان بدەین و لەگەڵ ئەم فەلسەفەیەدا گەورە بین، هەروەها بۆ ئەوەی وەکو پێپ گواردیۆلا و کڕۆیف یاریی بکەین.
ئەمە شتێک بوو کە لە سەرەتای کاروانەکەمدا خوێندبووم. بە فەلسەفەکە سەرسام نەبووم چونکە دەمناسی، بەڵام بە یاریزانەکان و یانەکە سەرسام بووم.
بارسێلۆنا بۆ من وەكو خێزان وایە.
دەمەوێت هەمووان چ لە راهێنانەكان و چ لە یاریگاكاندا بەڕێژەی %100 خۆیان پێشكەش بكەن.
گەڕانەوە بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید قورسە بەڵام مەحاڵ نییە، دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە دەتوانین بگەڕێینەوە و هەموو شتێک لە یاریگادا پێشكەش بكەین، هەروەها پێویستە لە پێناو یانەکە و هاندەران بجەنگین.
وابڕیارە هەفتەی داهاتوو بارسێلۆنا لە یاریگای سپۆتیفای كامپ نۆوی تایبەت بە خۆی میوانداری ئاتلێتیكۆ مەدرید بكات، كە یاریی چوون بە چوار گۆڵی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی كوڕانی سیمیۆنی كۆتاییهات.



