فه‌ره‌نسا

لیگ وەن لە ریزی پێنج خولە بەهێزەکە دووردەخرێتەوە

تۆپی پێی فەرەنسا رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە

Yariga App

یاریگا –

دەسەڵاتدارانی تۆپی پێی فەرەنسا، بە بارودۆخی ئێستای خولەکەیان زۆر نیگەرانن.

تۆپی پێی فەرەنسا لەم رۆژانەدا رووبەڕووی پرسیارێکی ترسناک بووەتەوە: ئایا لیگ وەن لە لیستی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوڕوپادا نامێنێت؟ لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەی فۆت مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە یەکێک لە پێنج خولە بەناوبانگەکانی ئەوروپا لێدا. راستییەکی تاریک کە دەریدەخات کەلێنی ئابووری و تەکنیکی نێوان لیگ وەن و خولەکانی وەک پرێمەرلیگ یان لالیگا بە رێژەیەکی بێ وێنە جیاوازی هەیە.

دابەزین لە ریزبەندی یوێفا؛ هەڕەشەیەک بۆ سەر پشکی پاڵەوانەتییەکانی ئەوروپا

یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکان، دۆخی نیگەرانکەری یانەکانی فەرەنسایە لە پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا. جگە لە پاریس سانجێرمان کە بەهۆی بودجەی بێکۆتایی قەتەرییەکانەوە لەبەرزترین ئاست رکابەری دەکات، یانەکانی دیکە لە ساڵانی رابردوو ئاستێکی نائومێدکەریان لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگدا هەبووە. ئەم رەوتە وایکردووە پێگەی فەرەنسا لە ریزبەندی یوێفا بە شێوەیەکی جیددی رووبەڕووی کێشە ببێتەوە و مەترسی لەدەستدانی پشکی راستەوخۆی چامپیۆنزلیگ زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت. ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، یەکێک لە خولەکانی وەک هۆڵەندا یان پۆرتوگال شوێنی لیگ وەن دەگرێتەوە.

جێهێشتنی لیگ وەن لەلایەن ئەستێرەکانەوە

یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکان، نەتوانینی یانەکانی فەرەنسایە لە پاراستنی ئەستێرە گەورەکانیان. لەم ساڵانەی دواییدا خولی فەرەنسا بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە خولێکی گەشەپێدان، یاریزانە بەتواناکان دەستنیشان دەکەن و پەروەردەیان دەکەن، بەڵام هەر کە درەوشانەوە بە یانە دەوڵەمەندەکانی پرێمەرلیگ یان ئیسپانیا دەیانفرۆشن. رۆیشتنی ئەو ئەستێرانەی کە یاریزانی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردەی فەرەنسان و چوونیان بۆ دەرەوەی وڵات و یاریی کردنیان لە خولەکانی دیکە، سەرنجڕاکێشیی و کوالیتی تەکنیکی پێشبڕکێ ناوخۆییەکانی کەمکردووەتەوە.

قەیران لە مافی پەخشی یارییەکان 

هاوکات لەگەڵ پرسە تەکنیکییەکان، قەیرانی مافی پەخشی یارییەکان جددیتر بووە. شکستی پڕۆژە گەورەکانی مافی پەخش و کەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتەکەی، زۆرێک لە یانە مامناوەند و بچووکەکانی فەرەنسی رووبەڕووی کێشەی دارایی کردووەتەوە. بەبێ داهاتی جێگیر، یانەکانی فەرەنسا توانای رکابەری کردنی یانەکانی پلەی ناوەڕاستی ریزبەندی پرێمەرلیگیان نەماوە.

لەدوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کێشانە، بەڕێوەبەرانی تۆپی پێی فەرەنسی لەبەردەم هەڵبژاردنێکی قورسدان: چاکسازیی قووڵی پێکهاتەیی یان قبوڵکردنی راستی تاڵی بوون بە خولێکی بچووک لە جوگرافیای تۆپی پێی ئەوروپادا.

بابەتی زیاتر

Back to top button