کوردستان

قەڵادزێ سزا دراو کاپتنی دەربەندیخانیش دوو یاریی راگیرا

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند سزایەکی دەرکرد

Yariga App

یاریگا –

یانەی قەڵادزێ لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە سزا دراو کاپتنی دەربەندیخانیش بۆ دوو یاریی راگیرا.

لیژنەی رێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی کرد و چەند سزایەکی دەرکرد، بە هۆی هاوێشتنی کەل و پەلی قەدەغە کراو بۆ نێو یاریگا لە یاریی نێوان قەڵادزێ و سیڕوانی نوێ، بڕیاردرا یاریی داهاتووی قەڵادزێ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ هاندەر بەڕێوەبچێت، یاریگاکەش یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دیاری دەکات.

بە هۆی لێدوان لە سەر ناوبژیوانی یاریی، هەڤاڵ محەمەد، کاپتنی یانەی دەربەندیخان بۆ یەک یاریی راگیرا و لەگەڵ مانەوەی کارتە سوورەکەی دەبێتە دوو یاریی، هەڤاڵ دوای یاریی یانەکەیان بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر، ناوبژیوانی یارییەکەی تاوانبار کرد بەوەی کە فیکەی لە بەرژەوەندی تیپی بەرامبەر لێداوە.

تەواوی بریارەکانی لیژنەی رێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان. 

دوای بەدەستگەیشتنی ڕاپۆرتی سەرپەرشتیاران و ناوبژیوانان و خوێندنەوە و تاوتوێکردنیان، بڕیاردرا بە:
1.سەبارەت بە یاری نێوان شەقڵاوە – چەمچەماڵ (گەڕی 10 – خولی پلە یەکی کوردستان):
دوای بەدەستگەیشتنی سکاڵای یانەی چەمچەماڵ بە نووسراوی ژمارە 27 لە بەرواری 2026/02/14 بڕیاردرا بە:
أ- سڕینەوەی کارتی سووری ڕاهێنەری یانەی چەمچەماڵ (ابراهیم کمال).
ب- هەژمارکردنی ئەنجامی یاری یانەی شەقڵاوە بەرامبەر یانەی چەمچەماڵ (3 – 0) بە بردنەوەی یانەی شەقڵاوە بەپێی بڕگەی (أ) لە ماددەی (8) ی سزای یانەکان بە شێوەی فەرمی و یاسایی.
-تێبینی ( گۆڵە تۆمارکراوەکان بەناوی خاوەنەکانیان دەنووسرێت) .

2. سەبارەت بە یاری نێوان تەناهی – بەردەڕەش (گەڕی 10 – خولی پلە یەکی کوردستان) :
أ- سەبارەت بە یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی تەناهی (اسماعیل جانکیز): بە پشت بەستن بە بڕگەی (أ) لە ماددەی (8) ی کارگێڕی و ڕاهێنەران، بڕیاردرا بە دوورخستنەوە بۆ ماوەی 4 چوار یاری، بەهۆی تفکردن لە ستافی ناوبژیوانان. (ئەم بڕیارە شیاوی تێهەڵچوونەوە نییە).
ب- سەبارەت بە ڕاهێنەری گۆڵپارێزی یانەی تەناهی (عمر حسین): بە پشت بەستن بە بڕگەی (أ) لە ماددەی (6) ی کارگێڕی و ڕاهێنەران، بڕیاردرا بە دوورخستنەوە بۆ ماوەی 2 دوو یاری، بەهۆی قسەی نەشیاو و جنێودان بە ستافی ناوبژیوان.

3. سەبارەت بە یاری نێوان پێشمەرگەی هەولێر – دەربەندیخان (گەڕی 15 – خولی نایابی کوردستان) :
أ-ڕەتکردنەوەی نووسراوی یانەی دەربەندیخان بە ژمارە 30 لە بەرواری 2026/02/17.
ب-سەبارەت بە یاریزانی یانەی دەربەندیخان (هەڤاڵ محمد): بە پشت بەستن بە بڕگەی (أ) لە ماددەی (7) ی سزاکانی یاریزانان، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی بۆ 1 یەک یاری وەک سزای کارگێڕی، لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای هونەرییەکەی (کارتی سوور)، بەهۆی لێدوانی نادروست لە سۆشیاڵ میدیا و تیڤییەکان.
ج- سەبارەت بە یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی دەربەندیخان (زمناکۆ قادر): بە پشت بەستن بە بڕگەی (أ) لە ماددەی (6) ی کارگێڕی و ڕاهێنەران، بڕیاردرا بە دوورخستنەوە بۆ 2 دوو یاری، بەهۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان، هەڕەشەکردن و ڕەفتاری ناوەرزشی.

4. یاری نێوان قەڵادزێ – سیروانی نوێ (گەڕی 15 – خولی نایابی کوردستان) :
بە پشت بەستن بە بڕگەکانی (أ و ب) لە ماددەی (3) ی تایبەت بە جەماوەر، بڕیاردرا بە:
گواستنەوەی 1 یەک یاری یانەی قەڵادزێ بۆ دەرەوەی یاریگای خۆی، کە بێ جەماوەر ئەنجام دەدرێت بەهۆی هەڵدانی ماددەی زیانبەخش بۆ ناو یاریگا.
(دواتر لیژنەی پێشبڕکێکان یاریگاکە دیاری دەکات).

تێبینی :سەرجەم بڕیارەکان (جگە لە خاڵی دووەم {أ}) شیاوی تێهەڵچوونەوەن لە ماوەی (48) کاتژمێردا لە کاتی دەرچوونیان.

بابەتی زیاتر

Back to top button