
یاریگا –
لویس ئێنریکی رێگە بە هیچ یاریزانێک نادات زیان بە پاریس سانجێرمان بگەیەنێت.
کەشی نێو پاریس گرژی بەخۆیەوە دەبینێت. رێن هەمووانی سەرسام کرد و زنجیرەی ئەنجامە خراپەکانی بە بردنەوە لە پاریس سانجێرمانێکی خراپ کۆتایی پێهێنا، پێشەنگیشی رادەستی لانس کرد، کە سبەی رووبەڕووی پاریس ئێف سی دەبێتەوە.
رێن توانی تیمەکەی پایتەخت لە زەوی بدات کە تازە 5-0 کلاسیکۆی فەڕەنسای لە مارسیلیا بردبووەوە و بە ئاشکرا لەنێو ڕۆژۆن پاڕک بەسەریدا زاڵ بوو. عوسمان دێمبێلێ لەلایەن یانەکەیەوە کە چەندین ساڵی تێدا بەسەر بردووە، پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. خاوەنی باڵۆن دۆر لە رێن گەشەیکرد پێش ئەوەی پەیوەندی بە بۆروسیا دۆرتموندەوە بکات. دێمبێلێ تەنیا گۆڵی یانەکەی کرد لە شکستەکەیان بەرامبەر رێن 3-1.
دوای شکستە قورسەکە، دێمبێلێ قسەی بۆ میدیاکان کرد و چەند شتێکی گووت کە جێگای سەرنج بوو، عوسمان گووتی:
وەرزی رابردوو یانەکە، لۆگۆکە و پاریس سانجێرمانمان خستە پێش خۆمانەوە. دەبێت جارێکی دیکە ئەو رۆحییەتە بدۆزینەوە، بەتایبەت لەم جۆرە یاریانەدا. دەستپێکێکی زۆر خراپمان لە یارییەکەدا هەبوو.
پێویستە تموحی زیاتر نیشان بدەین و لە سەروو هەمووشییەوە دەبێت وا یاری بکەین پاریس سانجێرمان یارییەکان بباتەوە. ئەگەر لەنێو یاریگا هەمووان بۆ خۆیان یاری بکەن، سەرکەوتوو نابین. ئەو نازناوانە نابەینەوە کە دەمانەوێت.
لێدوانی ئاگرین؛ دێمبێلێ كێشەكانی پاریس سانجێرمان دیارییدەكات
دوای یارییەکە لویس ئێنریکی زۆر توڕە بوو، کاتێک گەیشتە کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکە بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە و گووتی:
بە ئیسپانی وەڵام دەدەمەوە، رێگە بە هیچ یاریزانێک نادەم زیان بە تیمەکە بگەیەنێت. دەمەوێت زۆر بە روونی ئەوە بڵێم، من بەرپرسم لە تیمەکە نەوەکوو بەڕێوەبەری وەرزشی، نەوەک سەرۆکی یانەکە. ئەو لێدوانانە هیچ مانایەکیان نییە و ئەنجامی توڕەیی دوای یارییەکەن.
ئەمە یەکەمجار نییە راهێنەر و یاریزانەکە لەسەر خاڵێک ناکۆک دەبن. لە ئەیلوولی 2024 بەهۆی سزادانەوە لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ لە پێکهاتە دوورخرایەوە. لەو کاتەدا راهێنەرە ئیسپانییەکە روونیکردەوە کە یاریزانەکە بەهۆی شکستی لە ئەرکەکانی وەکوو یاریزان بەرامبەر تەواوی تیمەکە دوورخراوەتەوە.

دۆخەکە دوای کارتە سوورەکەی لە میونشن گرژتربوو، کە سزای بەدواوە بوو. لویس ئێنریکی بەرامبەر نانت و ئۆکزێر خرایە سەر کورسی یەدەگ، بۆ یارییەکەی سالزبۆرگ گەشتی نەکرد چونکە سزادرابوو، بەڵام بەرامبەر لیۆن جارێکی دیکە خۆی سەلماند و سوودی لە گەڕانەوەی بۆ پێکهاتەی سەرەکی بینی. لەو کاتەوە هەمووشتێک گۆڕا، دێمبێلێ باشترین ئاستی خۆی نمایشکرد، پاریس سانجێرمان 6 نازناوی بەدەستهێنا و خۆشی باڵۆن دۆری بردەوە.



