ناوخۆی ریال مەدرید: بۆچی دانی کارڤاخال توڕەیە؟ سوپەرلیگ چی بەسەردێت؟
زۆرترین باسی ریال مەدرید لەسەر چییە؟

یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەی “ناوخۆی ریال مەدرید” کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بەدرێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگێ دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.

زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟
دانی کارڤاخال
بردنەوەی ریال مەدرید لە ڤالێنسیا 2-0، هەموو سەرنجەکانی خستەسەر بەردەوامی لە ئامادە نەبوونی دانی کارڤاخال. ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەر هەمووانی شۆک کرد بە یاریپێکردنی دەیڤد خیمێنز بەشێوەی سەرەکی لە باڵی ڕاستی بەرگری، بەهۆی ئەوەی ئالیکساندەر ئارنۆڵد تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە، لە کاتێکدا کارڤاخال سەرەڕای ئامادەبوونی جارێکی دیکە یاریی نەکرد.
ئاتلێتیک دوای یارییەکە تێبینی کردووە کارڤاخال لەگەڵ ئانتۆنیۆ پینتوسی راهێنەری جەستەیی لەنیو یاریگا گفتۆ دەکات و بە ئاشکرا بێزاری پێوەدیارە.
🚩Carvajal visibly uspet talking to Pintus after the match. @TheAthleticFC pic.twitter.com/cXjTXKU9T6
— Guillermo Rai (@GuillermoRai_) February 8, 2026
لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی دوای یارییەکە ئاربێلوا ئاماژەی بەوەدا کە دانی لە راهێنانەکان بەرەبەرە بەرەوپێش دەچێت، بەڵام نەیانویستووە هیچ مەترسییەکی بخەنەسەر.
کارڤاخال کە گرێبەستەکەی لە هاوین کۆتایی دێت، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە توڕەیە و بەلایەوە روون نییە کە بۆچی یاری ناکات. دوای 23 ساڵ خزمەتکردنی یانەکە، بەرپرسانی یانەی شاهانە گومانیان لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی هەیە و کەسە نزیکەکانی خودی کارڤاخالیش باوەڕیان بە مانەوەی نییە.
داهاتووی ناڕوونی دانی، دەکرێت کاریگەری بخاتەسەر کەشی ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید و مێرێنگێ ناچار بکات بەدوای بەرگریکارێکی دیکەدا بگەڕێت تاوەکو شوێنی کارڤاخال بگرێتەوە.

لە یارییەکەی یەکشەممە چیدیکەمان بۆ دەرکەوت؟
سەرەڕای دەستپێکە ناجێگیرەکەی ئاربێلوا، بردنەوەکەی یەکشەممە چەند خاڵێکی ئەرێنی نیشاندا. ریال مەدرید حەوتەم بردنەوەی بەدوای یەکی لە لالیگا بەدەستهێنا و تەنیا خاڵێک لەدوای بارسێلۆنەی پێشەنگەوەیە.
ستافی راهێنەران دەڵێن لە پڕۆسەی رزگاربوون لە پێکانەکانن و هێشتا خەریکی بنیادنانی تیمەکەن بەرەو لووتکەی ئاستیان.
ئالڤارۆ کارێراس جارێکی دیکە دەرکەوتەوە و لە ولەکی 65 گۆڵی یەکەمی کرد، لەڕووی بەرگریشەوە سەرسوڕهێنەر بوو، جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتووترین گرێبەستی هاوینەی تیمەکەیەتی.
کیلیان ئێمباپێ بە کردنی گۆڵی 38ـەمینی ئەم وەرزەی، بردنەوەی یارییەکەی مسۆگەر کرد، هاوکات گۆڵی ژمارە 23ـی بوو لە لالیگا و وای لە ئاربێلوا کرد زۆر ستایشی بکات. ئاربێلوا دوای یارییەکە گوتی: “هیچ ئاوەڵناوێک نەماوە وەسفی کیلیانی پێبکەم. پێمان وابوو هەرگیز کەسێکی وەکوو کریستیانۆ نابینینەوە، بەڵام ئەم ئێمباپێ بەرەو هەمان رێچکە هەنگاو دەنێت.”
دین هاوسنیش ئاستێکی جێگیرتری لە دواوە نمایشکرد، سەرچاوەکان دەڵین ئێستا بە تەواوی چاکبووەتەوە و لە باشترین دۆخی جەستەیی خۆیەتی.
لە کۆتاییدا ئالیکساندەر ئارنۆڵد لە پێکانێکی سەخت گەڕایەوە، کە ئەم وەرزە تەنیا 511 خولەک یاریی کردبوو.

دەکرێت ئەم هەفتەیە چیمان لەدەست چووبێت؟
هەواڵە گەورەکەی دیکەی ئەم هەفتەیە بۆ ریال مەدرید، بڵاوکراوە فەرمییەکەی بارسێلۆنا بوو کە کشانەوەی لە سوپەرلیگی ئەوروپی راگەیاند.
پڕۆژەی سوپەرلیگ 2021 بە پاڵپشتی 12 یانە، کە 6 یانەی ئینگلتەرا، 3 یانەی ئیسپانیا و 3 یانەی ئیتاڵا بوون راگەیەنرا. ئێستا تەنیا ریال مەدرید بەفەرمی لە پڕۆژەکەدا ماوە.
سەرچاوەکان لە کۆمپانیای A22، کە کۆمپانیای پەرەپێدەری سوپەرلیگ بوون، رایان گەیاند کە بڵاوکراوەکەی بارسێلۆنا جێی سەرسوڕمان نەبوو، بۆیەش بڕیاریان نەداوە لە تشیرنی یەکەم هیچ رێکارێکی یاسایی دژی یوفا بگرنەبەر.
ریال مەدرید دەڵێت ئەوان رێکاری یاسایی دژی بەرپرسانی تۆپی پێی ئەوروپی دەگرنەبەر، کە بوونە هۆی شکستیان لە پڕۆژەی سوپەرلیگ و داوای قەرەبووی 4.5 ملیار یۆرۆ دەکەن.
مێرێنگێ تاوەکوو ئیستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی هەڵوێستی بارسێلۆنا نەداوە، بەڵام ئاماژەکانی بەردەوامبوونیان لە سەرەتای مانگی رابردوو دەرکەوت.
ئاتلێتیک ئاماژە بەوە دەدات کە سەرچاوە گەورەکانی ریال مەدرید پێیان راگەیاندوون کە، هەر وەبەرهێنەرێک بیەوێت کار لەگەڵ یانەکە بکات، دەبێت لەگەڵ سیاسەتی درێژخایەنی یانەکە خۆی بگونجێنێت و سوپەرلیگیش بەشێکە لە سیاسەتی درێژخایەنی یانەکە.



