
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی باس لە زۆر شتی بارسێلۆنا دەكات و بە چێژبەخش ناوی دەبات.
فلیک لە هاوینی 2024 پۆستی راهێنەرایەتیكردنی یانەی بارسێلۆنای وەرگرتووە و یانەكەی گەڕاندووەتەوە سەر رێچكەی بردنەوەی نازناوەكان.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ موندۆ دێپۆرتیڤۆ هانزی فلیک گوتی:
دوای بردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید، دەزانین کە وەکو بارسا شەڕ بۆ هەموو شتێک دەکەین و چانسی ئەوەمان هەیە رکابەری لەسەر هەموو نازناوێک بکەین.
چامپیۆنزلیگ ئامانجێکی گەورەیە، ئەگەر بەردەوام بین لە باشترکردنی بچووکترین وردەکارییەكان، بە تەواوی پاڵێوراو دەبین بۆ بردنەوەی.
لە بارسا هەر لە رۆژی یەكەمەوە هەستدەكەیت ئەم یانەیە زیاترە لە خێزانێک، ژیان لە بارسێلۆنا هەموو ئەو شتانەی تێپەڕاندووە كە خەیاڵم بۆ دەكرد. خەڵكانی ئێرە بەشێوەیەكی بڕواپێنەكراو لەگەڵمان میهرەبانن، ئەمەش وایكردووە كاركردنی رۆژانە لێرە بەراستی چێژبەخش بێت و شتێكی تایبەت بێت.
دەتەوێت گرێبەست لەگەڵ كام یاریزان واژۆ بكەن؟
ئەوە پرسیارێكی قورسە چونكە پێموایە ئێستا تیمێكی خەیاڵیمان هەیە، لەگەڵ دیكۆ بە زیرەكیەوە هەموو كارێک دەكەین، هەموو بڕیارێک بە گوێرەی ئاستی دارایی دەدرێت، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە ئایا ئەم یاریزانە دەتوانێت ئاستی یانەكە بەرز بكاتەوە.
ئەگەر كەسێكی باش بێت و هاوتیمێكی باش بێت، ئەوە ئەوەیە كە پێوویستمانە; كەسانی باش لەم یانە نایابەدا.
فلیک لەگەڵ بارسێلۆنا سەرپەرشتی 95 یاریی كردووە، 72 یارییان بردووەتەوە 9 یاریی یەكسان بوون و 14 یارییش دۆڕاون.



