Loading...
بازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەت

بۆچی وادەی گواستنەوەکان بەردەوام گۆڕانکاری پێدەکرێت؟

Yariga App

یاریگا –

لە تۆپی پێدا هیچ یاسایەکی دیاریکراو نییە سەبارەت بە کاتی گواستنەوەکان. زۆرجار سەرلێشێواوی لەسەر رۆژەکان و تەنانەت کاتژمێرەکانیش دروست دەبێت، چونکە ساڵانە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت.

هەندێک جار وادەی گواستنەوەکان ئەوەندە کەمە نازانیت ئایا یانەکە کاتی دەبێت بۆ تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان. نموونەیەکی روون بەم بابەتە بەم دواییانە روویدا ئەویش گرێبەستی سەبا سازۆنۆڤ بوو. لە کۆتایی گواستنەوەکانی هاوینەدا، تۆرینۆ بەڵگەنامەکانی بەرگریکارە جۆرجییەکەی بۆ ئیمەیڵێکی هەڵە نارد و ئەویش نەیتوانی پەیوەندی بە خیتافی بکات، هەرچەندە هەردوولا لەسەر هەموو شتێک رێککەوتبوون، بەڵام هیچ کاتێک بۆ راستکردنەوەی هەڵەکە نەمابوو. هەروەها پێشووتریش بە هۆی شکانی ئامێری فاکس گواستنەوەی دەیڤد دی خیا بۆ ریال مەدرید نەکرا و لە دوای ساڵی 2015 لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا چیتر ئامێری فاکس بەکارنەهێندرا.

هەندێک جار کاتی زیاتر سەبارەت بە گواستنەوەکان بە یانەکان دەدرێت و هەندێک جار کەمتر. بۆچی ئەمە روودەدات؟

بۆ ئەوەی سیستەمی گواستنەوەی یاریزانان بە شێوەیەکی سیستماتیک بێت، فیفا لە ساڵی 2003ەوە راسپاردەی یەکسانی پێشکەش بە فیدراسیۆنەکان کردووە سەبارەت بە وادەی گواستنەوەکان، ئەمانە تەنیا “راسپاردە”ن، نەک یاسا. تەنیا یەک یاسا هەیە: لە ماوەی ساڵدا دەبێت دووجار ماوەی ناو تۆمارکردن چالاک بکرێت؛ زۆرترین 89 رۆژ لە نێوان دوو وەرز و زۆرترین چوار هەفتە لە ناوەڕاستی وەرزدا.

ئەوەیکە بۆ ماوەی چەند رۆژ وادەی گواستنەوەکان بکرێتەوە پەیوەست دەبێت بە بڕیاری فێدراسیۆنەکان. بە شێوەیەکی ئاسایی لەو وڵاتانەی کە سیستەمی وەرزی “پایز-بەهار”یان هەیە، گواستنەوەی هاوینە بۆ ماوەی دوو مانگ و گواستنەوەی زستانە بۆ ماوەی مانگێک کراوە دەبێت.

بۆ یانە دەوڵەمەندەکانی سعودیە گرنگ نەبوو پرێمەرلیگ و بۆندسلیگا و خولە پێشکەوتووەکانی دیکەی ئەوروپا لەسەر چی رێککەوتبوون. لە ساڵی 2023 ئینگلیزەکان سکاڵایان لەسەر فێدراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمارکرد و داوایان لە فیفا کرد وادەی داخستنی گواستنەوەکان لە 20ی ئەیلولەوە بگوازێتەوە بۆ سەرەتای مانگ.

ئەمەش لەدوای ئەوەوە هات کە وادەی گواستنەوەکان لە سعودییە درەنگتر لە خولەکانی دیکە دادەخرێت و ئەمەش بە زیانی یانەکانی ئەوڕوپایە.

یۆرگن کلۆپ پێشووتر سەبارەت بەم بابەتە گلەیی کردبوو و گوتبووی:

دەسەڵاتداران پێویستە ئەوە روون بکەنەوە کە ئەگەر بیانەوێت بەشێک بن لە سیستەمەکە دەبێت کاروبارەکانیان لە هەمان کاتدا وەک هەموو کەسێک ئەنجام بدەن، دۆخی سعودیە بە زیانی ئێمەیە و زیانمان بەرکەوتووە.

لە گواستنەوەی زستانی ئەمساڵدا، وادەی گواستنەوەی یاریزانان لە پرێمەرلیگ، لیگ 1 و بۆندسلیگا و سێریا ئەی لە یەک کاتدا دادەخرێت، 2ی شوبات، کاتژمێر 23:59. لە ساڵانی رابردوو ئینگلیزەکان لە 31ی مانگی یەکدا دەرگای گواستنەوەکانیان دادەخست، مەگەر ئەوەی کە ئەو بەروارە کەوتبا کۆتایی هەفتەیەکەوە، چونکە تۆماری ئینگلیزی بەنیازی گۆڕینی خشتەی کارکردنیان لەبەر یارییەکانی تۆپی پێ نەبوو.

بەڵام لە ساڵی 2025 ناچار بوون خۆیان لەگەڵ خولە گەورەکانی تردا هاوتەریب بکەن، بەو پێیەی کە ئیسپانیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا وادەی داخستنی دەرگای گواستنەوەکانیان لە 3ی شوبات راگەیاندبوو، ئینگلتەرا نەیویست پێش ئەوانی دیکە کۆتایی پێبهێنێت و بە فەرمی ئەو بەروارەی هەڵبژراد و لەلایەکی دیکەوە چونکە 31 مانگی رابردوو دەکەوتە کۆتایی هەفتە و پشوو بوو بڕیاریاندا لەگەڵ خولەکانی دیکە ئەوانیش گواستنەوەکانیان دابخەن.

هەروەها یانەکانی خولی رووسیا دەتوانن تا 19ی شوبات ناوی یاریزانان تۆمار بکەن، لەکاتێکدا وادەی گواستنەوەیان لە 23ی 1 دەکرێتەوە، هۆکارەکەی ئاشکرایە؛ پشووی درێژخایەنی زستانە و کەمپەکانی مەشقکردن؛ کاتێکی زیاتر پێویستە بۆ وەرگرتنی یاریزانی نوێ و پێکهێنانی هەماهەنگی نوێ.

وەک لە سەرەتای راپۆرتەکەدا ئاماژەمان پێکرد: وادەی گواستنەوەکان تەنیا راسپاردەن نەک یاسا و هەر خولێک ئەو وادەیە دیاریی دەکات کە گونجاو بێت بۆی.

بابەتی زیاتر

Back to top button