یانەیەکی سعوودیە ئۆفەرێکی ریکۆردشکێن بۆ بڕونۆ فێرنادێس ئامادە دەکات

یاریگا –
یانەی هیلال ئارەزووی گواستنەوەی بڕونۆ فێرناندێس دەکات و دەیەوێت بیکاتە یەکێک لە گرێبەستە مێژووییەکان.
چارەنووسی کاپتنەکەی مانچێستەر یونایتد بە نادیاری ماوەتەوە و لە ماوەکانی پێشوو سەرچاوە میدییاییەکان ئاماژەیان بەوە دا کە یاریزانەکە نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان نوێبکاتەوە و لە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026 بڕیار لەسەر وێستگەی داهاتووی یاریکردنی دەدات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی فیچاخێس، یانەی هیلال دەیەوێت گرێبەستێکی خەیاڵی پێشکەش بە ناوەڕاستکارە پۆرتووگالییەکە بکات و ئامادەیە بیکاتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە مێژوودا.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، یانەی بایرن میونشن یەکێکی دیکە لەو یانانەیە ئارەزووی گواستنەوەی فێرناندێس دەکات، یانەکە وەک سەرکردەیەکی نموونەیی لە یاریزانەکە دەڕوانن، بەڵام لە رووی داراییەوە ناتوانن رکابەری گرێبەستەکە گەورەکەی هیلال بکەن.
سەرچاوەکە دەشڵێت، فێرناندێس هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و نازانرێت لە ئەوروپا دەمێنێتەوە یان روو لە سعوودیە دەکات، ئەستێرە 31 ساڵانییەکە دەیەوێت ئەم وەرزە تەواوبکات پێش ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەکانی بەردەمی بکات.



