یەکەم یاریی لە بێرنابیۆ؛ ئاربێلوا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی قورس دەبێتەوە

یاریگا –
لە ماوەی دووەم خولی سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز وەک سەرۆکی ریال مەدرید، سەرجەم راهێنەرانی تیپەکە یەکەم یارییان لە یاریگای بێرنابیۆ بردەوەتەوە.
راهێنەرایەتی کردنی ریال مەدرید هەمووکات تاقیکردنەوەی قورس بووە، بەتایبەتی لە یەکەم یاریدا لە بێرنابیۆ. لەدوای گەڕانەوەی پێرێز بۆ سەرۆکایەتی یانەکە لە ساڵی 2009، هەموو راهێنەرەکان لەم تاقیکردنەوەیە دەرچوون و ئەمڕۆ هەموو چاوەکان لەسەر ئالڤارۆ ئاربێلوا دەبێت.
جێگرەوەی چابی ئاڵۆنسۆ لە یەکەم یاریدا وەکوو راهێنەری ریال مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا دەرنەچوو و بە ئەنجامی 3-2 بە ئەلباسیتی دۆڕا و یانەکەی لە پاڵەوانەتییەکە کرایە دەرەوە، ئەمڕۆش دووەم یارییە ئاربێلوا وەک راهێنەر، سەرکردایەتی مێرەنگی دەکات.
ئاماری راهێنەرانی ریال مەدرید لە یەکەم یاری لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ساڵی 2009ەوە:
مانوێل پێلێگرینی: ئەم راهێنەرە لە یەکەم یاری خۆی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی دیپۆرتیڤۆ بوویەوە، ریال بەهۆی لێدانی سزای رۆناڵدۆوە توانی 3-2 یارییەکە بباتەوە.
مۆرینیۆ: سپێشل وەن، لە هاوینی 2010 جێگەی پیلێگرینی گرتەوە و دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر مایۆرکا یەکسان بوو، لە یەکەم یاریدا لە یاریگای بێرنابیۆ بە گۆڵێکی کارڤالیۆ لە ئۆساسۆنای بردەوە.

کارلۆ ئانچێلۆتی: کارلۆ لە هاوینی 2013 بوو بە راهێنەری ریال مەدرید و لە یەکەم یاری لە یاریگای خۆیدا ریال مەدرید بە گۆڵەکانی ئیسکۆ و بێنزێما بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بێتیسی بردەوە.
رافا بینیتێز: راهێنەرە ئیسپانییەکە لە هاوینی 2015 جێگەی ئانچێلۆتی گرتەوە و لە یەکەم یاریدا توانی لە یاریگای خیخۆن بێ گۆڵ یەکسان بێت، بەڵام لە یەکەم یاری لە سانتیاگۆ بە ئەنجامی 5-0 لە بێتیس بردەوە.
زێدان: لە مانگی یەکی ساڵی 2016 بینیتێز لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و زیزۆ جێگەی گرتەوە. ریال لە یەکەم یاری خۆیدا لە سانتیاگۆ بە ئەنجامی 5-0 لە دیپۆرتیڤۆی بردەوە.
لۆپێتیگی: ریال لە سالی 2018 لە یەکەم یاری لەگەڵ راهینەرە نوێیەکەیان بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە خیتافی بردەوە.
سانتی سۆلاری: لۆپێتیگی لەدوای پێنج مانگ دوورخرایەوە و سولاری شوێنی گرتەوە و لەیەکەم یاریی لەگەڵ راهینەرە ئەرجەنتینییەکە 2-0 سەرکەوتنی بەدەسیهێنا.
گەڕانەوەی زێدان: زیزۆ لەگەڵ گەڕانەوەی دوای وەرزێک لەیەکەم یاریی لە سانتیاگۆ 2-0 لە سێلتاڤیگۆی بردەوە.
گەڕانەوەی ئانچێلۆتی: کارلۆ لە هاوینی 2021 جارێکی دیکە ئەرکی راهێنەرایەتی سپیپۆشەکانی مەدریدی گرتە ئەستۆ یەکەم یاریی لە سانتیاگۆ 5-2 بردەوە.
دواهەمین و کۆتا راهێنەر چابی ئاڵۆنسۆ: ئاڵۆنسۆش لەم ئەزموونە سەرکەوتوو بوو و توانی لەیەکەم یاریی ماڵەوە 1-0 لە ئۆساسۆنا بباتەوە.



