رۆدری وێستگەی داهاتووی یاریکردنی یەکلاییدەکاتەوە
چاوەڕێی کۆتایی وەرز دەکات

یاریگا –
تادێت گومانەکانی سەر داهاتووی رۆدری هێرناندێز زیاتر دەبن و وێستگەی داهاتووی یاریکردنی بە ناڕوونی ماوەتەوە.
براوەکەی پێشووی باڵۆن دۆر تەنها 18 مانگ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ مان سیتی ماوە و هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان نییە.
رۆدری لەدوای چەند مانگ دابڕان بەهۆی پێکانەوە، گەڕایەوە نێو لاکێشەی سەوز و لە چوار یاریی رابردوو بە شێوەی سەرەکی بەشدارییکردووە، یانەکە دەیەوێت تا چەند وەرزێکی دیکە پشتیپێببەستێت.
بە گوێرەی رۆژنامەی ئاس، مانچێستەر سیتی ئۆفەرێکی پێشکەش بە یاریزانە ئیسپانییەکە کردووە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان، بەڵام یاریزانەکە نایەوێت پەلەبکات و چاوەڕێی رووداوەکانی کۆتایی وەرز دەکات، بەتایبەت داهاتووی پێپ گواردێلای راهێنەری یانەکە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رۆدری تووشی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، نازانێت لە سیتی بمێنێتەوە لەپێناو سوودی دارایی یاخود ئاڵەنگارییەکی نوێ تاقیبکاتەوە، هەروەها ئەگەرەکانی گۆڕینی راهێنەری یانەکە کاریگەری لەسەر بڕیارەکەی دەبێت.

هاوکات، یانەی ریال مەدرید بۆ یاریزانەکە لە سەرهێڵە و چاودێری دۆخی گرێبەرستی یاریزانەکە و مان سیتی دەکات، ئەگەر گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە، یانەی شاهانە هەوڵەکانی دەستپێدەکات و بە فەرمی گرێبەستی پێشکەشدەکات.



