
یاریگا –
لە ئینگلتەرا نازناوی پاڵەوانی زستان دەبەخشرێت بەو تیپەی کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی گەڕەکانی قۆنخی یەکەم پێشەنگی ریزبەندی دەگرێت، هەرچەندە ئەم نازناوە شەرەفییە، بەڵام ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ناسنامەی پاڵەوانی کۆتایی وەرز، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر یانەی ئارسیناڵ، مێژوو پڕە لە چیرۆکی دراماتیکی و بەئازار لەم قۆناخەدا.
ئامارە مێژووییەکان؛ ئایا پێشەنگی واتە نازناو؟
له پریمەرلیگ، کەمتر لە نیوەی ئەو تیپانەی لە زستاندا پێشەنگ بوون، توانیویانە لە کۆتاییدا جامەکە بەرز بکەنەوە (رێژەی سەرکەوتن نزیکەی 48٪ـە).
مانچێستەر سیتی: باشترین تیپە لە قۆستنەوەی ئەم پێشەنگییە؛ لە زۆربەی ئەو وەرزانەی پاڵەوانی زستان بووە، لە کۆتاییدا نازناوەکەی بردووەتەوە.
لیڤەرپوڵ: زۆرترین ئازاری چەشتووە؛ لە پێنج بۆنەدا پاڵەوانی زستان بووە، بەڵام تەنیا یهك جار توانیویەتی نازناوەکە مسۆگەر بکات.
ئارسیناڵ: مێژوو فشارێکی گەورە لەسەر کەتیبەکەی ئارتێتا دروست دەکات، چونکە یانەکە لە وەرزەکانی (2022، 2007، 2022، 2023، 2024) پێشەنگی زستان بووە، بەڵام لە هیچ کام لەم وەرزانەدا نەبووەتە پاڵەوان، ئەمەش وادەکات پێشەنگیی ئەم وەرزە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بێت بۆ شکاندنی ئەم گرێکوێرەیە.
ئەو تیپانەی “پێشەنگایەتیی زستان” خیانەتی لێکردن
هەندێک تیپ هەبوون سەرەتایەکی مێژووییان هەبووە، بەڵام لە کۆتاییدا داڕماون، دیارترینیان:
1. نیوکاسڵ یونایتد (1995-1996): بەناوبانگترین حاڵەتە، بە جیاوازییەکی زۆر پێشەنگ بوون بەڵام دۆڕان بە مانچستەر یونایتد.
2. ئاستۆن ڤێلا (1998-1999): قۆناخی یەکەمیان بە پێشەنگی تەواو کرد، بەڵام پاشەکشەیەکی خراپیان کرد و لە پلەی شەشەم کۆتاییان پێهێنا.
3. ئارسیناڵ (2022-2023): تیپەکە 248 ڕۆژ لە پێشەنگ بوو (ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ تیپێک کە نەبووبێتە پاڵەوان)، بەڵام لە کۆتاییدا دەستی بەتاڵ دەرچوو.
گەورەترین جیاوازی خاڵ کە لەدەستچووبێت
ئەگەر لە مێژووی خولەکەدا بگەڕێین بۆ گەورەترین جیاوازی خاڵ کە پاڵەوانی زستان لەدەستیدابێت:
نیوکاسڵ (1996 ): لە مانگی یەکدا بە جیاوازی 12 خاڵی تەواو لەپێش مانچێستەر یونایتد بوو، بەڵام تیپەکەی سێر ئەلێکس فێرگسۆن جیاوازییەکەیان کەمکردەوە و دواجار بە جیاوازی چوار خاڵ نازناوەکەیان بردەوە.
ئارسیناڵ (2023 ): لە قۆناخی یهكهم ههشت خاڵ لەپێش مانچێستەر سیتی بوو، بەڵام زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ لە مانگی نیساندا، دەرفەتی دا بە گواردیۆلا بۆ ئەوەی پێشەنگییەکە بگرێت.
ئارسیناڵی ئێستا تیپێکی پێگەیشتووتر و بەهێزترە، پاڵەوانی زستانهی لە رووی ئامارەوە لە دۆخێکی بەهێز دهبێت، بەڵام دەبێت زۆر وریا بێت لە هەناسەی ساردی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوڵ، کە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەن لە پێچەوانەکردنەوەی مێزەکە لە یارییەکانی قۆناخی دووەمدا.



