
یاریگا –
دوای یەکسان بوونەکەیان بەرامبەر گەڕمە لە خولی ئەستێرەکانی عڕاق، یوسف ئالوسی، بەرگریکاری زاخۆ بەڵێنێک بە هاندەرانی یانەکە دەدات.
لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ گەڕمە یەکسان بوو، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەش یوسف ئالوسی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەڵێنی باشترکردنی ئەنجامەکانی بە هاندەرانی زاخۆداو دەڵێت لە تواناماندایە زیاتر پێشکەش بکەین و ئەنجامەکان باشتر دەکەین.
یوسف ئالوسی، بەرگریکارەکەی زاخۆ دەربارەی یارییەکە زیاتر گووتی:
ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد بەرامبەر تیپێکی رێکخرا و بەهێز، گەڕمە یانەیەکی قوڕسە بە تایبەت لە نێو یاریگا و بەردەم هاندەرانی خۆی، زاخۆش خاوەن یاریزانی ئاست بەرزە و دەتوانین لە داهاتوودا زیاتر پێشکەش بکەین، بەڵێن بە هاندەرانی زاخۆ دەدەین لە داهاتوودا ئەنجامەکانمان باشتر دەبێت و دڵیان خۆش دەبێت.
عەلی کازم، کە بەرامبەر گەڕمە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراست، هەشتەم یارییە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو گۆڵی لێ تۆمار ناکرێت و کلین شیتی کردووە.
بەم یەکسان بوونە زاخۆ خاڵەکانی بووە 14 خاڵ و لە ریزبەندی شەشەمی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی کەرخ دەبێتەوە.


