پێکانی کریستێنسن بارسێلۆنا ناچار دەکات بچێتە نێو بازاڕی گواستنەوەی زستانە
یاساکان ئاسانکاری بۆ دەکەن

یاریگا –
بەشێوەیەکی فەرمی بارسێلۆنا پێکانی ئاندرێس کریستێنسن، بەرگریکاری یانەکەی راگەیاند و چاوەڕواندەکرێت ماوەی چوار مانگ لە یاریگاکان داببڕێت.
تۆرێ ئاتلێتیک لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە رەنگە بارسێلۆنا بتوانێت یاریزانێک بۆ پڕکردنەوەی جێگای بەرگریکارە تەمەن 29 ساڵانییەکە بگوازێتەوە.
بەگوێرەی یاساکانی لالیگا، یانەکان دەتوانن جێگای یاریزانێکی پێکراو بە یاریزانێکی نوێ پڕبکەنەوە، بە مەرجێک ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانی پێکراو درێژخایەن بێت، و مووچەکەشی لە %80ـی مووچەی یاریزانە پێکراوەکە زیاتر نەبێت.
بڕیاری کۆتایی لە دەستی دەستەی پزیشکی سەربەخۆی لالیگادایە، کە دەبێت پشکنینی بۆ بکەن لە ماوەی دوورکەوتنەوەی دڵنیاببنەوە.
لەناو ئیدارەی بارسێلۆنا متمانەی تەواو هەیە کە پێکانی یاریزانە دانیماڕکییەکە لەگەڵ یاسایەکەی لالیگا دەگونجێت و دەرفەتێک بە یانە کەتەلۆنییەکە دەدات بەرگریکارێک بگوازێتەوە.



