
یاریگا –
یاریزانێکی نەورۆز هۆکاری شکستەکەیان بەرامبەر ئەمانە ئاشکرا دەکات، وەلی کەریمی راهێنەریش هێنانی چەند یاریزانێک بۆ ریزی تیپەکە ئاشکرا دەکات.
دوای شکستەکەیان بەرامبەر ئەمانەی بەغدا لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، موڕتەزا هەدیب، ناوەڕاستکاری نەورۆز هۆکاری ئاست خراپی تیپەکە ئاشکرا دەکات، وەلی کەریمی راهێنەریش باس لە گواستنەوەی یاریزانی نوێ دەکات لە کاتی کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان.
موڕتەزا هەدیب، دەربارەی شکستەکەیان لە بەرامبەر ئەمانەی بەغدا دەڵیت:
هەوڵماندا لەم یارییەوە بگەڕێینەوە سەرکەوتن، بەڵام بەخت یاوەرمان نەبوو چونکە ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد و ئەمانە لە یەک هەل گۆڵی تۆمار کرد، داوای لێبوردن لە دەستەی راهێنەران و کارگێڕی و هاندەران دەکەین، هەوڵدەدەین لە یارییەکانی داهاتوو سەرکەوتن بەدەست بهێنین.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز کە تاوەکو ئێستا هیچ سەرکەوەنێکی بۆ تیپەکە بەدەست نەهێناوە، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە باسی شکستەکەیان و هێنانی یاریزانی نوێ دەکات بۆ ریزی تیپەکە؛
کۆنتڕۆڵی تۆپ بە تەواوی لای ئێمە بوو، بەڵام بەرگری تیپی بەرامبەر زۆرباش یارییان کرد، لە رووی دەروونیەوە تا ئێستا یاریزانەکان تەواو ئامادەنین، چاوەڕوانی گواستنەوەی زستانە دەکەین بۆ ئەوەی چەند یاریزانێک بگوازینەوە بۆ پێکهاتەکەمان بە تایبەت یاریزانی هێلی ناوەڕاست، لەگەڵ کارگێڕی و هاندەران کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنین.
بەم شکستە نەورۆز بە سێ خاڵ کەوتە ریزبەندی 18ـی خولەکە و لە ناوچەی مەترسی دابەزینە، گەڕی داهاتووش لە بەسڕە رووبەڕووی مینا دەبێتەوە.




