🎥 | کامێراکانی کەناڵی Moviestar هێرشی یاریزانانی ریال مەدرید بۆ سەر ناوبژیوان ئاشکرا دەکەن
وردەکاری کارتە رەنگاورەنگەکانی یاریزانانی ریال مەدرید لە یارییەکەی سێلتا ڤیگۆ ئاشکرا دەبن

یاریگا –
لە یاریی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە بێرنابیۆ، گرژی و ئاڵۆزی زۆر لەنێو یارییەکە دروستبوو، دوای ئەوەی مەدرید 0-2 یارییەکەی دۆڕاند.
ریال مەدرید چوار یارییە لە لالیگا سەرناکەوێت و ئەمەش ئاڵۆزی لەنێو یانەکە دروستکردووە و لە یاریی رابردووشدا، هەریەکە لە فران گارسیا و ئالڤارۆ کارێراس بە کارتی سوور دەرکران و ژمارەیەک یاریزانی دیکەش کارتی زەردیان پێدرا.
بەرنامەی فوتبۆڵ لە کەناڵی موڤیستار+ ‘Fútbol en Movistar’ پەردەی لەسەر نهێنی شاراوەی یارییەکە هەڵدایەوە و رادەی تووڕەبوونی ئەستێرەکانی ریال مەدریدی ئاشکراکرد.
دوای تەواوبوونی یارییەکە، رەخنەی زۆر لە ئالێخاندرۆ گۆنزالێز، ناوبژیوانی یارییەکە گیرا، بەڵام گرتەکانی وردەکاری نوێی ئاڵۆزییەکانی مەدرید ئاشکرا دەکەن.
رۆدریگۆ تەقییەوە
لەدوای دەرکردنی کارێراس بە کارتی سوور، دوای وەرگرتنی دووەم کارتی زەرد، رۆدریگۆ تەقییەوە و هێرشێکی توندی کردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە و گوتی؛
دەبێ رێز بگریت، بزانە لە کوێ وەستاوی.
رۆدریگۆ کاتێک ئەم قسانە ئاڕاستەی ناوبژیوان دەکات، دەستی لەسەر لۆگۆی یانەکە داناوە، ئەمەش پەیامی روونی قسەکانی دەگەیەنێت.
ڤینیسیۆس کۆنتڕۆڵ ناکرێت
هەرچەندە ئێندریک، لەسەر کورسی یەدەک بوو، بەڵام بەهۆی هەڵوێستێکی لەلایەن ناوبژیوان بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
لەگەڵ دەرخستنی کارتە سوورەکە، ڤینیسیۆس هێرشێکی تووندی کردە سەر ناوبژیوانی چوارەم و پێیگوت؛
کارتی زیاتر دەربهێنە، کارتی سووری زیاتر دەربهێنە، کارت بە هەمووان بدە، ئێوە بەردەوام بەمشێوەیەن، هەمان شتن.
کاردانەوەی تووندی یاریزانانی ریال مەدرید، رادە و ئاستی گرژییەکانی نێو یانەکە دەردەخات، چونکە زیاتر لە مانگێکە بە دۆخێکی ناسەقامگیر تێدەپەڕێت و سبەی چوارشەممە، یارییەکی چارەنووسسازیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ هەیە.



