قەیرانی ئەنجامەکان؛ چابی ئاڵۆنسۆ لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید دووردەخرێتەوە؟
ئێل چیرینگیتۆ پەنجە لەسەر برینەکانی لۆس بلانکۆس دادەنێت

یاریگا –
ریال مەدرید بە ساتێکی هەستیاری ئەم وەرزە تێدەپەڕێت، سێ یارییە لە لالیگا ناباتەوە و فشارێکی زۆر لەسەر یانەکە دروستبووە.
لۆس بلانکۆس لە دەستپێکی وەرز لە هەموو شتێک پێشەنگ بوو، بەڵام لە ماوەی سێ هەفتەدا تەواوی هاوکێشەکە گۆڕا و یارییەکەی لیڤەرپوول، رێچکەی یانە شاهانەکەی گۆڕی.
مەدرید لەڕووی هونەری و مەعنەوییەوە لە دۆخێکی ناجێگیردایە، ئەمەش دەرگای بەڕووی پرسیاری جیددی لەبارەی توانای مەدرید و ئاڵۆنسۆ، لە رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان دروستکردووە.
جۆزێپ پێدرێرۆڵ، پێشکەشکاری بەرنامەی ئێل چیرینگیتۆ دووپاتیکردەوە، دەست بۆ لابردنی ئاڵۆنسۆ نابرێت و لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.
🚨 “XABI NO SE TOCA… DE MOMENTO”.
🗞️ La exclusiva de @jpedrerol, en la portada de @elchiringuitotv.
La presenta @gorkagrn. pic.twitter.com/EYd8cVmyxu
— El Chiringuito TV (@elchiringuitotv) December 1, 2025
ناوی گەورە و نەبوونی بیرۆکە
پێکهاتەکەی ئاڵۆنسۆ پڕە لە ئەستێرەی گەورە و بەشێکی زۆریان لە باشترینەکانی جیهانن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ‘بیرۆکە’ییەکی روون لە نێو یاریگادا، مەدرید ناتوانێت ئەوەی داواکراوە پێشکەش بکات.
لۆس بلانکۆس خاوەنی ڤینیسیۆس جونیۆر، جود بێڵینگهام و کیلیان ئێمباپێیە، ئەم سێ ناوە لە باشترینەکانی جیهانن، بەڵام ریال مەدرید کێشەی جیددی لە گۆڵکردن هەیە. پێدەچێت لە ژووری جلگۆڕین، پلانی تۆکمە و تەواو جیاواز دابڕێژرێت، بەڵام توانای گۆڕینی وانەی تیۆری بۆ زمانی گۆڵ لاوازە.
هێرشەکانی ریال مەدرید بەبێ دروستکردنی قووڵایی دەستپێدەکرێن، تۆپ بەبێ جووڵەی بەرگریکاران دەگوازرێتەوە و ئەوەی لە هەمووی گرنگترە، ونبوونی رۆحی بەکۆمەڵی یاریزانانە لە ساتە یەکلاییکەرەوەکاندا.
لەلایەکی دیکەوە، هێڵی ناوەڕاستی ریال مەرید لاواز و ناڕێکخراو دەردەکەوێت، رۆژنامەنووسەکە روونیکردووەتەوە، ناهاوسەنگییەکی زۆر لە نێوان هێڵی بەرگری و هێرشبەریدا هەیە، ئەمەش وایکردووە، هێڵی بەرگری بەردەوام لەژێر فشاردا بێت.
دەرفەتی گەڕانەوە ماوە
سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، هێشتا رووبەرێکی زۆر بۆ راستکردنەوەی رێچکەکە ماوە، ئاڵۆنسۆ دەرفەتی چاکسازی بنچینەیی لە تیمەکەدا هەیە، چونکە ریزبەندی لالیگا زۆر نەگۆڕاوە.
هاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕێی کاردانەوەیەکی تووندی راهێنەرن، تاوەکو متمانە بۆ ژووری جلگۆڕین بگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە زنجیرە ئەنجامە نیمچە نەرێنییەکان بهێنن.
تاقیکردنەوەیەکی جیددی
ئاڵنگارییەکانی بەردەم ریال مەدرید تەنیا لایەنی هونەری ناگرێتەوە، بەڵکو بەشێکی گەورەی لایەنی دەروونییە، چونکە یاریزانان ناسنامەی کەسایەتی خۆیان لەدەستداوە.
دەستەی راهێنەران لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی جیددیدان، تاوەکو کۆنتڕۆڵی لایەنی تەکتیکی بکەن، چونکە مەدرید بە باڵادەستی تەکتیکی بەراورد بە یانەکانی دیکە بەناوبانگە.
ریال مەدرید بە تاقیکردنەوەیەک تێدەپەڕێت، کە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەکەی یەکلاییکەرەوەیە، ئێستا یانەکە لە قۆناخێکدایە، رێچکەی وەرز دیارییدەکات.



