نابێتە کۆمپانیایەکی وەرزشی؛ ریال مەدرید گۆڕانکارییەکی مێژوویی دەکات
پێرێز پلانێکی دوورمەودای پڕ داهاتی بۆ ریال مەدرید داڕێشتووە، بەڵام پلانەکە چەندین بۆمبی چێندراوی تێدایە
یاریگا –
ریال مەدرید لە 23ی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی دەکات و چەندین بڕیار دەردەکرێن.
کۆبوونەوەکە لە هۆڵی باسکەی ریال مەدرید دەکرێت، رۆژنامەی کادێنا سێر دووپاتیدەکاتەوە، ریال مەدرید گۆڕانکاری لە شێوازی خاوەندارێتی ناکات و هەر ئەندامانی یانەکە بە خاوەن دەمێننەوە، هەرچەند ئەگەر 10%ی پشکەکانیش بە وەبەرهێنەرێکی دەرەکی بفرۆشرێت.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید پێشنیازێکی مێژوویی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی پێشکەشی ئەندامان دەکات. پێرێز دەیەوێت وەبەرهێنەرێکی دەرەکی بکاتە هاوخاوەن و بەشێک لە پشکەکانی یانەکە بفرۆشێت.
پێرێز دەیەوێت سیستمی خاوەندارێتی ریال مەدرید وەکو خۆی بمێنێتەوە، هەر ئەندامان خاوەن بن و وەکو دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵبژێردراو بمێنێتەوە.
دەیڤد ئالڤارێز، رۆژنامەنووسی رۆژنامەی ئێل پایێس زانیاری نوێی لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاشکراکردووە؛
پێرێز چەند بابەتی نوێ لە کۆبوونەوەکە دەخاتەڕوو، بابەتی سەرەکی هێنانی وەبەرهێنەرێکی دەرەکییە، هەروەها دووپات لە مانەوەی خاوەندارێتی ریال مەدرید وەکو خۆی دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە کۆمپانیایەکی وەرزشی.
ئەوەی مسۆگەر کراوە، بەردەوامبوونی پێرێزە لە پۆستی سەرۆکایەتی ریال مەدرید.

چۆن 10%ی پشکەکان دەفرۆشرێت؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسەکەی رۆژنامەی ئێل پایێس، ریال مەدرید دەیەوێت هاوشێوەی بەڕێوەبردنی کاروباری یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، شێوازەکە بگوازنەوە نێو ئاستی یەکەمی ریال مەدرید.
پێرێز دەیەوێت دامەزراوەیەکی نوێ دابمەزرێنێت، تاوەکو بەشێکی بفرۆشێت و وەبەرهێنانی دەرەکی ببنە خاوەن پشک.
دابەشکردنی پشکی ئەندامان
ئێستا بیرۆکەیەکی دیکە لەنێو ریال مەدرید تاوتوێ دەکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێل پایێس، هەر ئەندامێکی ریال مەدرید دەبێتە خاوەن ‘بەش’ی سیمبووڵی لە دامەزراوە نوێیەکەدا، بەڵام مافی فرۆشتنی نابێت.
ئەگەر ئەم بیرۆکەیە سەربگرێت، ئەوا بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانە شاهانەکەدا، ئەندامانی ریال مەدرید دەبنە خاوەن بەهایەکی دارایی راستەقینە.
پێرێز پێی وایە بەهای ریال مەدرید دەگاتە 10 ملیار یۆرۆ، بۆیە چاوی لە هێنانی وەبەرهێنەرێکی دەرەکییە تاوەکو وەبەرهێنانی فراوان بکەن.
ئەگەر بەهای یانەکە بە 10 ملیار یۆرۆ بخەمڵێندرێت، ئەوا بەشی ‘پشک’ی هەر ئەندامێک دەبێتە 100 هەزار یۆرۆ.
بۆچی پێرێز دەیەوێت شێوازی خاوەندارێتی بگۆڕێت؟
سەرۆکی ریال مەدرید ئەم هەنگاوە بە پێویست دەزانێت، تاوەکو یانەکە لە ‘هەوڵەکان دەستبەسەرداگرتن’ دووربخاتەوە، بە تایبەت دوای دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەبارەی یاسای وەرزشی نوێ لە ئیسپانیا.
هەڕەشە لەسەر هەندێک مافی وەکو پەخشی تەلەڤزیۆنی هەیە، بۆیە پێرێز دەیەوێت گۆڕانکاری خێرا لە شێوازی خاوەندارێتی بکات و بیکاتە دامەزراوەیەکی بە خاوەن، لەگەڵ پەلکێشکردنی وەبەرهێنەرێکی دەرەکی.
ئەم شێوازە لە خاوەندارێتییە، پارێزبەندی یاسایی زیاتر بۆ یانەکە دروستدەکات، هەروەها رێگری لە وەبەرهێنەرانی دیکە دەکات لە داهاتوودا، لەڕێی کڕینی پشک دەستبەسەر خاوەندارێتی یانەکەدا بگرن.

ریال مەدرید دەبێتە کۆمپانیایەکی وەرزشی؟
بیرۆکەی دروستکردنی کۆمپانیایەکی وەرزشی لەلایەن ئەندامان قبووڵکراو نییە، بۆیە پێرێز دووپاتیدەکاتەوە، بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی وەرزشی پشکدار لە پلانەکاندا نییە، بەڵکو ئامانج لە هێنانی وەبەرهێنەرێکی دەرەکی، هێنانی وەبەرهێنانی زیاترە بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی بڕیاردان لەدەستبدەن.
رۆژنامەی ئێل پایێس لەبارەی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نوێ دەڵێت؛
بەگوێرەی ئەوەی پلان کراوە، بۆ یەکەمجار ئەندامانی یانەکە دەبنە خاوەن بەهای دارایی راستەقینە. پێشتر تەنیا بەشێوەیەکی سیمبوولی ئەندام و خاوەنی پشکبوون، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە دەگۆڕێت.
وەبەرهێنانێکی گەورە
ریال مەدرید دەیەوێت 10%ی پشکەکان بەبڕی یەک ملیار یۆرۆ بفرۆشێت و دەستبەجێ وەبەرهێنان لە پارەکەدا بکات.
بەڵام ریال مەدرید چەندین مەرجی قورس بۆ وەبەرهێنەری دەرەکی دادەنێت، لەوانە رێگە بە وەبەرهێنەرەکە نادات لە داهاتوودا رێژەی پشکەکانی زیاد بکات، یاخود دەستوەردان لە هەڵبژاردەی سەرۆک یان ئەنجوومەنی کارگێڕیدا بکات.




