Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

کارەساتی ڤایێکاس؛ خراپترین ڤێرژنی چابی ئاڵۆنسۆ لە یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ دەرکەوت

رەخنەی تووند لە شێوازی هونەری ئاڵۆنسۆ دەگیرێت

Yariga App

یاریگا –

رەخنەکان بەرامبەر چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید زیادییانکردووە، بەتایبەت دوای یەکسانبوونی بەرامبە رایۆ ڤاییکانۆ و دۆڕانی یارییەکەی لیڤەرپوول.

رۆژنامەی سپۆرت بە پشتبەستن بە زوومی کامێرای تۆڕی دازن، راپۆرتێکی شیکاری لەسەر دۆخی ئێستای یانە شاهانەکە بڵاوکردووەتەوە.

کامێراکانی دازن پشێوی تەکتیکی ئاشکرادەکەن

تۆڕی دازن چەندین ڤیدیۆی یارییەکەی بەشێوازی جیاواز بڵاوکردووەتەوە، تیایدا پشێوییەکی گەورە لە شێوازی هونەری ئاڵۆنسۆ دەردەکەوێت.

یاریزانانی مەدرید بەدرێژایی یارییەکە شێواوبوون و بە دروستی ئەرکی خۆیان نەدەزانی. رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، زۆربەی یاریزانانی مەدرید لە پلانی ئاڵۆنسۆ تێنەگەیشتبوون و بەردەوام لە نێو یاریگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان قسەیان دەکرد، بەتایبەت دوای کەوتنیان بۆ ژێر فشاری رایۆ ڤاییکانۆ.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، پێشبینی شۆڕشێکی هونەری لە ریال مەدرید دەکرا، دوای تەواوبوونی سەردەمی کارلۆ ئانچێلۆتی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڵام تاوەکو ئێستا شۆڕشەکە دەستیپێنەکردووە.

ئاڵۆنسۆ ناسنامەی بایەر لیڤەرکوزنی لە ئەڵمانیا گۆڕی، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بیرۆکەکەی بە سەرکەوتوویی بگوازێتەوە مەدرید.

شێواوی یاریزانان لە یاریگادا

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، یاریزانان نەیاندەزانی لە یارییەکەی ڤاییکانۆ چیبکەن، تەنانەت کامێرای دازن کۆمەڵێک گفتوگۆی یاریزانانی ریکۆرد کرد.

کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکە نیمچە ونبوو، لە ساتێکدا هاواری بەسەر یاریزاناندا کرد و گوتی؛ ”بەردەوام لەم شوێنە بە یاریزانی کەمتر یاریی دەکەین”.

لەلایەکی دیکەوە، دین هاوسن بە دەنگی بەرزەوە لە ساتێکی یارییەکەدا گوتی؛ ”دوو یاریزان بەرامبەر یەک یاریزانین، یارمەتیم بدەن”.

لەدوای یارییەکە رەخنەی زۆر لە ئێمباپێ و هاوسن گیرا، تەنانەت بەهۆی خراپی ئاستەکەیەوە، هاوسن لە نێوان گێم یاریگای جێهێشت.

لەلایەکی دیکەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر نیگەرانی و تووڕەیی خۆی لە یارییکردن بە تۆپی درێژ پیشاندا و بە هاوتیمەکانی گوت؛ ”تکایە تۆپی پێ بکە و یارییەکە ئاسان بکەن”.

کامێرای تۆڕی دازن، گفتوگۆییەکی نێوان ئاردا گولەر و ئاڵۆنسۆی ئاشکراکرد، کاتێک گولەر چووە لای ئاڵۆنسۆ تاوەکو پرسیاری پلانەکەی لێبکات و دیاربوو ئەرکی خۆی بەتەواوی نەدەزانی، دواتر گولەر رێنماییەکانی ئاڵۆنسۆی گەیاندە جود بێڵینگهام.

راهێنەرێکی بێ پەرچە کردارە

ئاڵۆنسۆ بەدرێژایی یارییەکەی ڤاییکانۆ لەسەر هێڵی چیمەنی یاریگا وەستابوو، تەواوی دەیزانی هەموو شتێک بەگوێرەی پلانی داڕێژراو جێبەجێ ناکرێت.

بیرۆکە سەرەکییەکەی ئاڵۆنسۆ، دەستپێکردنی هێرشە لە هێڵی بەرگرییەوە، کامێرای دازن تووڕەیی ئاڵۆنسۆ بەڕوونی ئاشکراکرد، کاتێک زۆر یاریی بە تۆپی درێژ دەکرا، هەروەها زۆر لە تاک یارییکردنی ڤینیسیۆس تووڕە بوو و ساتێکدا هاواری بەسەرداکرد و گوتی؛ ”پاس پاس بدە، بە نەفرەت بێت”.

قەیرانی هزری و دووبارەکردنەوەی هەڵەکان

بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرت بێت، ئاڵۆنسۆ خیانەت لە پلانی تەکتیکی یەکەمی خۆی دەکات، چونکە یارییەکەی ڤاییکانۆ شێواوییەکی تەواو ئاشکرای یاریزانانی مەدریدی پیشاندا، بۆیە پشووی نێودەوڵەتی چەندە گرنگ بێت، ئەوەندەش قورسە.

کێشەکانی سەردەمی ئانچێلۆتی وەکو خۆیان ماونەتەوە، تەنانەت کارلیتۆ چەند کێشەیەکی چارەسەرکردبوو، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە کێشەکان سەیانهەڵداوەتەوە.

ئاست بەرزی ئێمباپێ لە دەستپێکی وەرز، زۆربەی کێشەکانی ریال مەدریدی داپۆشیبوو، بەڵام لەگەڵ دوورکەوتنەوەی کیلیان لە هەژاندنی تۆڕی رکابەران، تەواوی کێشەکانی مەدرید سەریانهەڵدا، لەوانە نەبوونی هزرێکی تەکتیکی روون و نەبوونی ئالیەتێکی ئاوێتەبوونی یاریزانان.

بابەتی زیاتر

Back to top button