پاڵەوانی ئەوروپا ئەستێرەیەکی ئیتیحادی دەوێت

یاریگا –
پاریس سانجێرمان پەرۆشە بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی یانەی ئیتحادی سعوودی و گەڕاندنەوەی بۆ کێبڕکێ گەورەکانی ئەوروپا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فووت میرکاتۆ، پاریس سەرسامە بەو ئاستەی تا ئێستا نگۆلۆ کانتی پیشانی دەدات و دەیەوێت سوود لە بەسەرچوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئیتحاد ببینێت و بۆ خولی فەڕەنسی، ئەو خولەی کە یەکەمجار لە رێگەیەوە خۆی بە گەورەکانی ئەوروپا ناساند.
لویس ئێنریکی بۆ هێشتنەوەی تیمەکەی لە کێبڕكێ گەورەکان و پارێزگاریکردن لە نازناوە نێوخۆییەکانی و چامپیۆنزلیگیش، پێویستی بە رەگەزی زیاترە. بۆ ئەو مەبەستەش بۆ هێڵی ناوەند چاوی لە تواناکانی ئەستێرە 33 ساڵیە فەڕەنسیەکەیە کە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ ئیتحاد بەسەردەچێت. بەوەش دەتوانن بێ بەرامبەر بیگوازنەوە بۆ باخچەی شازادەکان.
کانتی یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کلاودیۆ رانیێری کە توانیان مەحاڵ بکەنە راستی و نازناوی وەرزی 2015/16ی پرێمەرلیگ بۆ لیێستەر سیتی ببەنەوە. دواتر روویکردە چێڵسی و 6 نازناویشی لەگەڵ بلووز بردەوە کە دیارترینیان پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ بوو. لەگەڵ یانەکەی کەنداویش کە 2023 پەیوەندیی پێوەکردن، خولی سعوودی و جامی ئەو وڵاتەی بردووەتەوە.



