Loading...
کوردستانگرنگترین

ئاکرێ لە رێگای تۆڕی وەرزشی یاریگا روونکردنەوە لەسەر نرخی بلیتی یارییەکانی دەدات

یاریگا وردەکاریی نرخی بلیتی یانەی ئاکرێ ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، دەنگۆی بلیتی یارییەکانی یانەی ئاکرێ لەنێو هاندەراندا بڵاوبووەوە. بۆ وەرگرتنی زانیاریی ورد و ڕاست، تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونێکی تایبەتی بۆ ئەم بابەتە كرد.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا، هۆزڤان زاهید، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی ئاکرێ، به‌ تۆڕی وه‌رزشی یاریگی رایگەیاند،

“ئێمە بلیتی یارییەکانی ئەم وەرزەمان نەکردووەتە پارە، بەڵکو تەنها بەشێکی دیاریکراوی یاریگاکەمان کە شوێنی تایبەت (VIP) ، بە بڕی پێنج هەزار دینار دەبێت.”

ناوبراو ڕوونیکردەوە کە شوێنە تایبەتەکە جێگەی 400 کەس دەگرێت، بەڵام تەواوی کورسییەکانی دیکەی یاریگاکە، کە توانای لەخۆگرتنی نزیکەی 10 هەزار هاندەری هەیە، بە بێبەرامبەر بۆ هاندەران و جەماوەری یانەکە تەرخانکراوە.

کێشەی رووناکی و قیرتاوکردن چارەسەر دەکرێن

سەبارەت بە کەموکوڕییەکانی یاریگاکە، هۆزڤان زاهید گوتی،

 “یاریگاکەمان پێویستی بە دوو لای دیکەی ڕووناککەرەوە هەیە، بەڵێنمان پێدراوە کە لە نزیکترین کاتدا بۆمان دابین بکرێت. بەمەش یاریگاکەمان بەتەواوی ئامادە دەبێت بۆ به‌رێوه‌چوونی یارییەکان لە کاتی شەویشدا.”

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی ئەوەشی خستەڕوو کە ڕێگای هاتووچۆ و چواردەوری یاریگاکەش لە داهاتوویەکی نزیکدا قیرتاو دەکرێت و هیچ کێشەیەکی نامێنێت.

مێژووی یاریگای ئاکرێ

یاریگای یانەی ئاکرێ لە ساڵی 2012 دەست بە دروستکردنی کرا، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە، کارەکانی وەستان و هەندێک پێداویستیی مابوون، لە وەرزی ڕابردوودا، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بەکۆتا هات و تیپەکە یارییەکانی لەسەر كرد.

جێگەی باسە، یانەی ئاکرێ دوو وەرز پێش ئێستا بۆیه‌كه‌مجار له‌ مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و لە هەمان وەرزدا نازناوی جامی سوپەری کوردستانیشی بەدەستهێنا، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە یانە دیارەکانی کوردستان.

بابەتی زیاتر

Back to top button