
یاریگا –
چارەنووسی یانهی پیشەسازی نادیارە، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێ دەرگای گەڕانەوەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
یانەی پیشەسازی کە پێشتر بەهۆی قەیرانێکی داراییەوە بڕیاری کشانەوەی خۆی لە خولی نایابی کوردستان راگەیاندبوو، هێشتا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە، لە کاتێکدا کارگێڕی یانەکە چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکات.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا، دیار حەمەدەمین، سکرتێری یانەی پیشەسازی، دوایین زانیارییەکانی لەبارەی دۆخی یانەکەیانەوە خستەڕوو و رایگەیاند،
“ئێمە هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمیمان نەکردووە بۆ ئەوەی بڕیاری گەڕانەوە بۆ خولی نایابی کوردستان بدەین، راستە کە لە دوای بڕیاری کشانەوەمان دانەنیشتووین و بەردەوام لە هەوڵدا بووین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک”
سکرتێری یانەی پیشەسازی ئاشکرایکرد کە چەند لایەنێک بەڵێنی هاوکارییان پێداون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا هیچ شتێکی کرداری لە ئارادا نییە ناوبراو گوتی،
“لە چەند شوێنێک بەڵێنمان پێدراوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەنووسی ئەو بەڵێنانە یەکلایی ببێتەوە، بەڵام تا ئەم ساتە، هیچ بودجەیەک بۆ یانەکە دابین نەکراوە و هیچ بڕە پارەیەک نەگەیشتووەتە یانەکە، ئەوەی هەیە تەنها بەڵێنە و نازانین ئایا جێبەجێ دەکرێت یان نا.”
لە لایەکی دیکەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەیەک لە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای داوە، گەڕانەوەی یانەی پیشەسازی بۆ خولەکە کارێکی ئەستەم نییە. سەرچاوەکە ڕایگەیاند،
“یانەکە دەتوانێت بگەڕێتەوە خولەکە، چونکە تاوەکو ئێستا تیروپشکی وەرزی نوێ نهكراوه.”
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئەگەری گەڕانەوەی پیشەسازی و بەشداریکردنی 12 یانە، گۆڕانکاری لە سیستمی دابەزینی یانەکاندا دەکرێت، بەپێی گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکە:
- یاریی پلەی ئۆف کە بڕیار بوو لە نێوان خاوەنی پلەی دەیەمی خولی نایاب و یانەی سێیەمی خولی پلە یەکدا بکرێت، نامێنێت.
- لەکۆتایی وەرزدا، یانەکانی پلەی 11 و 12ـی ریزبەندی راستەوخۆ دادەبەزن بۆ خولی پلە یەکی کوردستان.
- لە بەرامبەردا، چوار یانە لە خولی پلە یەکەوە سەردەکەون بۆ خولی نایاب.
بەم شێوەیە، داهاتووی یانەی پیشەسازی و سیستمی خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، پەیوەستە بەو پشتگیرییە داراییەی کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەنووسی یەکلایی ببێتەوە.