Loading...
ئینگلتەراگرنگترین

مۆرینیۆ چ رۆڵێکی لە کرانە دەرەوەی ئانچێلۆتی لە چێڵسی هەبوو؟

Yariga App

یاریگا –

کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، هۆکار دوورخستنەوەی لە چێڵسی ئاشکرا کرد.

ئانچێلۆتی دانی بەوەدانا کە هەڵوێستی رۆمان ئەبرامۆڤیچی خاوەنی پێشووی یانەی چێڵسی بەرامبەر جۆزێ مۆرینیۆ رۆڵی سەرەکی هەبووە لە دوورخستنەوەی لە یانەکە. راهێنەرە ئیتاڵییەکە کە لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ چێڵسی هەردوو نازناوی پرێمەرلیگ و جامی یەکێتی ئینگلتەرای بەدەستهێنا، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ملیاردێرە رووسییەکە سەرکەوتنەکانی بە مۆرینیۆ بەراورد دەکرد و لە کۆتاییدا لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلان رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە رۆیشتنی لە ستامفۆرد بریج.

ئانچێلۆتی، لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2011 سەرکردایەتی چێڵسی دەکرد، لە ساڵی یەکەمدا دوو نازناوی ناوخۆیی بردەوە، بەڵام ئەبرامۆڤیچ لە هاوینی 2011 دوای شکستێکی دیکە لەسەر ئاستی ئەوروپی لە پۆستەکەی دووریخستەوە. خاڵی وەرچەرخان کاتێک بوو کە ئینتەرمیلانی مۆرینیۆ لە ساڵی 2010 چێڵسی لە چامپیۆنزلیگ کردە دەرەوە، ئەنجامێک کە خاوەنی یانەکە بە قبوڵنەکراوی زانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێشتر مۆرینیۆی لە پۆستەکەی دوورخستبوویەوە.

راهێنەرە ئیتاڵییەکە، لە کتێبە نوێیەکەیدا بەناوی (خەونی من – بردنەوەی چامپیۆنزلیگ)، کە بەشێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە ئاشکرایکردووە:

“ئەبرامۆڤیچ بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە دەیەوێت لەگەڵ چێڵسی نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ ببەمەوە و بۆ ئەوەی تیپەکە ناسنامەی خۆی بپارێزێت، ئەوکاتە تێگەیشتم من کار بۆ ئۆلیگارشێکی رووسی دەکەم کە چاوەڕێی ئەوە بوو هەموو شتێک هەمیشە بەباشی بەڕێوەبچێت و ئەگەر شتێک بە دڵی ئەو نەبا دەبوایە روونکردنەوەی بۆ بدەم.

رۆژی دواتر ئەبرامۆڤیچ نەک تەنیا لەگەڵ من بەڵکو لەگەڵ هەموو تیپەکە قسەی کرد. کێشەی من ئەوە بوو کە سەرکەوتنی مۆرینیۆ بە هیچ شێوەیەک بۆ پەیوەندی من لەگەڵ ئەبرامۆڤیچ باش نەبوو. بڕیار بوو من پێچەوانەی مۆرینیۆ بم؛ ئارام و لەسەرەخۆ و توانای زیندووکردنەوەی تیمەکە دوای درامای رابردوو.

بە بۆچوونی ئەبرامۆڤیچ مۆرینیۆ کۆتایی هاتبوو، بەڵام بە شکستمان بەرامبەر ئینتەر، من خاوەنە رووسیەکەم شەرمەزار کردبوو. سەرکەوتن یان شکست لە ئەوروپا ئەو پێوەرە بوو کە ئەبرامۆڤیچ ئاستی منی پێی پێوانە دەکرد و چامپیۆنزلیگ ئەرکی منی قورستر کرد. گرێبەستکردن لەگەڵ تۆرێس بڕیاری تایبەتی خۆی بوو و گۆڕانکاری پێکردنی لەکاتی یاریی بێڕیزی راستەوخۆ بوو بە خاوەنی یانەکە. بۆ ساتێک لەبیرم چووبوو کە لە کۆتاییدا ناتوانیت بەسەر بڕیارەکانی خاوەنی یانەکەدا زاڵ بیت.

چیرۆکی ئانچێلۆتی تیشک دەخاتە سەر چاوەڕوانییە زۆرەکانی ئەبرامۆڤیچ لە سەردەمی چێڵسیدا. سەرەڕای سەرکەوتنەکانی ناوخۆیی، ئۆلیگارشە رووسیەکە سەرکەوتنی تەنیا بە ئاستی چامپیۆنزلیگ پێوانە دەکرد. لە کۆتاییدا چێڵسی لە ساڵی 2012دا لە ژێر دەستی رۆبێرتۆ دی ماتیۆدا گەورەترین خەڵاتی ئەوروپای بەدەستهێنا، هەرچەندە لە یاری کۆتاییە بەناوبانگەکەدا بەرامبەر بە بایرن میونشن تووشی دۆڕانێکی قورس بوو، ئەمەش دوای ساڵێک لە دوورخستنەوەی ئانچێلۆتی.

بابەتی زیاتر

Back to top button