
یاریگا –
ریال مەدرید لە هەڵوێستی توندی خۆی دژی ڤینیسیۆس جونیۆر پەشیمان نییە.
رۆژنامەی مارکا دوا زانیاری لەبارەی پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید بڵاودەکاتەوە و دووپاتیکردووەتەوە، ئۆفەرەکەی مەدرید بۆ ڤینیسیۆس نەگۆڕاوە.
گرێبەستی ڤینی لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت و بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە بێت، مەدرید پلانی گۆڕینی ئۆفەرەکەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا نییە.
ڤینیسیۆس بە دۆخی نوێی خۆی لە مەدرید رازی نییە، چونکە چابی ئاڵۆنسۆ کۆمەڵێک رێکاری توندی لەنێو پلەبەندی یاریزانانی مەدرید گرتووەتەبەر و ڤینیسیۆس گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، ئەگەر ئاستی جارانی نەگەڕێنێتەوە، پێناچێت ببێتەوە بژاردەی یەکەمی یانەکە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ڤینیسیۆس نایەوێت هەست بکات بەردەوام چاودێری دەکرێت و ئەم پەیامەی بەڕوونی گەیاندووەتە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە.
ریال مەدرید پێی وایە هێشتا 20 مانگ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی ڤینیسیۆس ماوە و هیچ پەلەیان لە پێشخستنی گفتوگۆکان نییە.
یانە شاهانەکە هەموو شتێکی لای خۆی تەواوکردووە و نایەوێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ئۆفەرەکە بکات، ئەوەی ماوەتەوە پەیوەستە بە بڕیاری ستراتیجی ڤینیسیۆس.
رۆژنامەکە پێشبینیکردووە، ئەم دۆخە تاوەکو کۆتایی وەرز بەردەوام بێت، ئینجا دواتر بە وردی لەسەر ئۆفەرەکە کۆدەبنەوە و کێشەکە یەکلاییدەکەنەوە.