ئەستێرەیەکی ئارسناڵ گەڕایەوە مەشقەکان

یاریگا-یانەی ئارسناڵی لەندەنی رایگەیاند بوکایۆ ساکا پەیوەندیکردووەتەوە بە مەشقەکانی یانەکە.
بەگوێرەی بی بی سی، ساکا پێشتر لە وادەی دیاریکراو گەڕاوەتەوە و پەیوەندی بە مەشقە بە کۆمەڵەکان کردووە. هەرچەندە ئومێدی ئەوەبوو لە یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر مان سیتی بەشداریبکات بەڵام پێناچێت ئەوە رووبدات.
ساکا لە دووهەم یاری وەرزدا لە یاری بەرامبەر لیدز یونایتد گۆڵێکی تۆمارکرد و دواتر تووشی پێکان هات. بڕیار وابوو شەش هەفتە داببڕێت بەڵام دوای چوار هەفتە گەڕایەوە یاریگاکان. لەو ماوەیەدا بەهۆی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان تەنها لە دوو یاری بێ بەش بوو ئەوانیش بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو لە چامپیۆنزلیگ و نۆتینگهام فۆرێست بوو.
هەر لە گەنەرز، مارتن ئۆدیگاردی کاپتن هێشتا چاک نەبووەتەوە و بەشداری یارییەکەی ئەمڕۆ ناکات. بەگووتەی سەرچاوەکە چاوەڕواندەکرێت ئۆدیگارد بەمزووانە بگەڕێتەوە مەشقەکان.
ئارسناڵ بەشێوەیەکی کاتی لە پلەی سێهەمی ریزبەندی پریمەرلیگە بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە چوار یاریدا. هەرچی مانچێستەر سیتییە لە چوار یاریدا دوو دۆڕانی هەیە و بە شەش خاڵ لە پلەی 11هەمدایە.