
یاریگا –
هەولێر لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و راهێنەری تیپەکەش هۆکاری سەرکەوتنیان بەرامبەر مینا ئاشکرا دەکات.
لە گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی 3 _ 1 لە مینای بردەوە و دووەم سەرکەوتنی بە دوای یەک بوو کوڕانی قەڵا و منارە بەدەستی بهێنن، باسم قاسم راهێنەری هەولێر دوای تەواو بوونی یارییەکە باسی لە هۆکاری سەرکەوتنەکەیان کرد و گووتی:
یارییەکە بۆ ئێمە ئاسان نەبوو، وەرگرتنی سێ خاڵەکە لەم یارییە زۆر گرنگ بوو، مینا تیپێکی باشە تایبەت لە ڕووی هێرشبردنەوە، بەڵام بەرگریکارەکانیان ئەمڕۆ سەرکەوتوو نەبوون کە بووە خاڵێکی بەهێز بۆ ئەوەی سەرکەوتن تۆمار بکەین، ئەم سەرکەوتنە پیرۆزبێت لە هاندەرانمان، هیوادارم بەردەوام بین لەسەر کێبڕکێ کردن.
مستەفا قابیل، یاریزان و ئەستێرەی لاوی هەولێر کە توانی دوو گۆڵ تۆمار بکات دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە رایگەیاند:
سوپاس بۆ خوا سێ خاڵی زۆر گرنگمان بەدەستهێنا، هۆکاری تۆمارکردنی دوو گۆڵەکەشم لەم یارییە بە یارمەتی هاوڕێکانم بوو، یارییەکە گرنگی تایبەتی هەبوو، بە دەستهێنانی شەش خاڵ لە دوو یاریی سەرەتا پاڵنەرێکی باشە بۆ ئەوەی لە ئەنجامە باشەکان بەردەوام بین.
لە دوو یاریی رابردووی هەولێر تیپەکە شەش گۆڵی تۆمار کردووە، مستەفا قابیل سێ گۆڵ و شیرزود تەیمیرۆڤ هێرشبەری پیشەگەری ئۆزبەکی سێ گۆڵەکەی دیکەی تۆمار کردووە.
هەولێر لە سەرووی ریزبەندی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە بە شەش خاڵ، لە یاریی داهاتوو رۆژی 27ـی ئەم مانگە لە بەغدا دەبێتە میوانی کارەبا.